قایمقامی چەمچەماڵ: زیاتر لە پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی قەزاکە خەرجکراوە

04-12-2023
ژیار حەکیم
ژیار حەکیم @zhyar_hakim
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، باڵەخانەی نەخۆشخانەی 110 قەرەوێڵەیی نزیکە لە تەواوبوون، لە رووی دابینکردنی کەلوپەلی نەخۆشخانەکەش هەنگاوی باشیان بڕیوە، بەڵام کێشەی نەبوونی ستافیان هەیە و داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکات ئەو كێشەیان بۆ چارەسەر بکات.
 
رەمک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، دوای ئەوەی 82 نووسراویان لەبارەی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ داوەتە لایەنە بەرپرسیارەکان، سێ رۆژ پێش ئێستا لیژنەیەک لە وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆ و چەند کۆمپانیایەک چوون بۆ لێکۆڵینەوە لە جوگرافیای ناوچەکە و هیوادارن بەمزووانە بدرێتە کۆمپانیایەک.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قایمقامی چەمچەماڵ لەبارەی ئەو پارەیەی بۆ پڕۆژەکانیان خەرجکراوە رایگەیاند، ئەم ساڵ زیاتر لە پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی قەزاکە دابینکراوە.
 
رەمک رەمەزان ئاماژەی بەوەش دا، ساڵانی رابردوو لە رێگەی دروستکردنی سایلۆیەکەوە توانیویانە کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران چارەسەر بکەن و ئێستاش بنەتۆو بەسەر جووتیاراندا دابەش دەکەن و خولی رۆشنبیرییان بۆ جووتیارەکان کردووتەوە.
 
لەبارەی رێگەوبانەوە قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، کەمترین گوند ماوە لە سنووری قەزاکە کە رێگەوبانەکانی نۆژەنبکرێنەوە و ئێستا لە سنووری ناحیەی ئاخجەلەر کار لەسەر رێگەی 12 گوند دەکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، "بەدرێژایی 18 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە، تا دەگاتە سنووری حکومەتی عێراق رێگەی هاتووچۆمان نۆژەنکردووتەوە."
 
لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم نزیکەی 440 گوند هەن، لەبارەی رێگەوبانی ئەو ناحیەوە لەو بارەوە قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، کەمتر لە 30 گوند ماوە کە رێگەکانیان نۆژەنبکرێنەوە، ئەگەر ئەنجوومەنی وەزیران بودجەی بۆ دیاری بکەن کە زیاتر لە دوو ملیار دیناری پێویستە، "بەڵێن دەدەین" کە رێگەی هەموو گوندەکان نۆژەنبکەنەوە.
 
قەزای چەمچەماڵ پێکهاتووە لە 57 بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە، هەروەها نۆ ناحیە لەخۆدەگرێت کە سێیان سەر بە کەرکووکە و شەشی دیکەیان سەر بە پارێزگای سلێمانییە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە