146 زەرد و 34 سەوز؛ کۆمیسیۆن وردەکاریى رەتکردنەوەى 180 سکاڵاى بڵاوکردەوە

04-11-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق وردەکاریی 146 سکاڵاى زەرد و 34 سکاڵاى سەوزى بڵاوکردەوە کە لەسەر دەنگدانى گشتى و تایبەتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێش کرابوون. بە گوتەى بەرپرسێکى کۆمیسیۆن، هیچ کام لەو سکاڵایانە ئەنجامى کۆتایی دەنگدانی نەگۆڕیوە.
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دەقى 41 بڕیارى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى بڵاوکردەوە بۆ یەکلاییکردنەوەى 180 سکاڵا کە لەبارەى دەنگدانى تایبەت و گشتیى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرابوون.
 
سکاڵاکان 146یان لە جۆرى رەنگى زەرد بوون و لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە رەتکراونەتەوە.
 
زۆرینەى ئەو سکاڵایانە لە بازنەى سلێمانى بوون، کە 73 سکاڵا بوون؛ 32یان لە هەولێر و 23یان لە هەڵەبجە تۆمار کراون؛ لە بازنەی دهۆکیش 18 سکاڵاى زەرد هەبوون.
 
سکاڵاى جۆرى زەرد ئەوانەن کە بەڵگەى پێویستیان نییە یان لەلایەن سکاڵاکارەوە واژۆ نەکراون و هەموو مەرجەکانى پێشکێشکردنى سکاڵایان تێدا نییە.
 
بەگوێرەى بڕیارەکانى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران، 34 سکاڵاى دیکەى جۆرى سەوز رەتکراونەتەوە کە لە هەردوو دەنگدانى گشتى و تایبەت تۆمار کرابوون.
 
لەو ژمارەیە، 12 سکاڵایان لە هەولێر پێشکێشکراون، 15یان لە سلێمانی و حەوتیان لە دهۆک بوون.
 
سکاڵاى سەوز ئەو جۆرەن کە دژى کارمەندانى کۆمیسیۆن، بریکارى لایەنەکان و چاودێرانى هەڵبژاردن و هێزە ئەمنییەکانن و کاریگەرییان لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردن نابێت، بەڵام رێکارى لێدەکەوێتەوە بەرامبەر بە سەرپێچیکارەکە.
 
18ى تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کرا. 21ى تشرینى یەکەم ئەنجامى بەرایی و 30ى هەمان مانگ ئەنجامى کۆتایی ئەو هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە راگەیێندرا.
 
حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، "هیچ کام لەو سکاڵایانەى پێشکێشکرا بوون کاریگەرییان لە سەر ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن نەبووە."
 
سکاڵاکان لەلایەن رێگەپێدراوى یاسایی لایەنە بەشداربووەکان و بەربژێرانى هەڵبژاردنەوە تۆمار کرابوون.
 
هەرچى سکاڵاى سوورە ئەوانەن کە پەیوەندارن بە ساختەکارى یان دەستکاریکردنى کاخەزى دەنگدان، بەڵام لەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاراندا هیچ سکاڵایەکى رەنگ سوورى تێدا نەبووە.
 
جگە لەو سکاڵایانە، 41 تانە دژى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراون؛ 25 یان لە بازنەى سلێمانى بوون کە زۆرترین تانە بوون. 17 رۆژ لە بەردەم کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان و دەستەى دادوەریى هەڵبژاردنە بۆ یەکلاکردنەوەیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە