رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە 15 رۆژ لە کاراکردنی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ی ئامادەیی، سبەی شەو کاژێر 12:00 کاتەکە کۆتایی دێت.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 4ی تشرینی یەکەمی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 21ی ئەیلوولەوە سیستمەکە کارایە و بڕیارە تاوەکو کاژێر 12:00ی سبەی شەو 5ی تشرینی یەکەم بە کارایی بمێنێتەوە."
سەبارەت بە ئەگەری درێژکردنەوەی کاتی زانکۆلاین، عەباس ئەکرەم گوتی، "هیچ بڕیار و پلانێکی لەو شێوەیە نییە. دوایین وادە سبەی شەو کاژێر 12:00یە؛ بۆیە داوا لە دەرچووانی 12ـی ئامادەیی دەکەین پەلە بکەن و فۆرمی زانکۆلاین پڕبکەنەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان گوتی، "ئەم ساڵ ژمارەیەکی زۆری دەرچووی 12ـی ئامادەیی لە ناوچە دابڕاوەکانیش فۆرمیان پڕکردوەتەوە. هیچ جیاوازییەک لە جێبەجێکردنی رێکارەکان لەنێوان دەرچووانی ناوچە دابراوەکان و قوتابیانی هەرێمی کوردستان نییە".
17ـی ئەیلوول، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نمرەی دەرچووانی ئامادەیی لە وەزارەتی پەروەردەوە رادەستی وەزارەتەکەیان کراوە.
وەزارەتی پەروەردە نمرەی 55 هەزار و 720 دەرچووی 12ـی ئامادەیی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو 19 هەزار دەرچووی زیاتر هەن.
ساڵی رابردوو بۆ ماوەی 8 رۆژ زانکۆلاین کارابوو و دواتر جارێک کاتەکەی درێژکرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ