رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی دوێنێ بۆریی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر شکا، بەڕێوەبەرەکەی دەڵێ چاککراوەتەوە و ئاو بۆ ماڵان بەردراوەتەوە.
ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 11:00ـی شەوی رابردوو بۆرییەکە چاککرایەوە".
بۆری ئاوی ئیفراز سێ لە عەینکاوە شکابوو. هیوا عەبدولڕەزاق دەڵێت: "لە ئەمڕۆوە وردە وردە ئاو دەگاتەوە ئەو گەڕەکانەی هەولێر کە ئاویان لەسەر پڕۆژەکەیە".
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دوای 13 کاژێر توانیویانە بۆری ئاوی ئیفراز سێ چاکبکەنەوە.
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری ئیفراز سێ، 50%ـی دانیشتووانی هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە، ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ