کوردستان
چەند جووتیارێکی کورد لە گوندێکی ناوچەی سەرگەڕان. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە و ئەرشیڤە
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک دەڵێت، لە سنووری ناحیەی لەیلان لەسەر سکاڵای عەرەبی هاوردە دوو جووتیاری کورد دەستگیر کراون کە باوک و کوڕێکن.
باوکەکە ناوی محەممەد ئەمینە و کوڕەکەشی ناوی مەجیدە، خەڵکی گوندی ترکەشکانن و لە ساڵی 2003وە چوونەتەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی ناحیەی سەرگەڕان لە کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ساڵی 2003وە ئەو جووتیارانە گەڕاونەتەوە سەر زەوییەکانی خۆیان، بەڵام چەند ساڵێکە عەرەبی هاوردە داوای چۆڵکردنی زێدی خۆیان لێدەکەن.
عەرەبە هاوردەکان لە کاتی دەسەڵاتی بەعسدا لە رێگەی گرێبەستی کشتوکاڵییەوە زەویی کوردی کەرکووکیان داگیر دەکرد و حکومەتیش پشتیوانیی دەکردن. محەممەد ئەمین دەڵێت، "گرێبەستەکانیان هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام ئێستا چوونەتە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و ئەوان پشتگیرییان بۆ کردوون و دەڵێن گرێبەستەکە کارایە."
بە گوتەی محەممەد ئەمین کە دەڵێت، سەردانی ئەو دوو هاونیشتمانییەی لە زیندان کردووە، "عەرەبە هاوردەکان چوون گێچەڵیان بەو دوو هاونیشتمانییە کردووە، ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە. عەرەبە هاوردەکانیش هێزێکی سوپایان بردووە و باوک و کوڕەکەیان دەستگیر کردووە."
نوێنەرەکەی جووتیارانی سەرگەڕان دەڵێت، "ئەو عەرەبە هاوردەی ترکەشکان کە کێشەی بۆ جووتیارانی کورد دروستکردووە قەرەبووی مادەی 140ـی وەرگرتووە و دەبوو لەو ناوچەیە نەمێنێت، بەڵام جارێکی دیکە هاتووەتەوە و دەیەوێت سنوورەکە داگیربکاتەوە."
دوای ئەوەی هێزێکی سوپای عێراق ئەو هاونیشتمانییە و کوڕەکەی دەستگیر کردووە، رەوانەی بنکەیەکی پۆلیسی لە ناحیەی لەیلان کردوون و ئێستا لەوێ زیندانی کراون، ئەوەش بە گوتەی محەممەد ئەمین.
کێشەی زەویی جووتیارانی کورد بە تایبەت دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 زیادبوو، کاتێک هێزە کوردستانییەکان لەو سنوورە نەمان، عەرەبە هاوردەکانی سەردەمی دەسەڵاتی بەعس گەڕانەوە بۆ داگیرکردنەوەی زەوی جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ