رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ناوی نوێ بۆ چوون بۆ سعودیە بە مەبەستی حەجکردن لە ساڵی 2025 تۆمار ناکرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان، تیروپشک بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە پێشتر ناویان نووسیوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئەیلوول، رۆژی تیروپشک بۆ ئەو کەسانەی پێشتر ناویان بۆ حەج نووسیوە دیاری نەکراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت "لەم مانگەدا تیروپشکەکە بکرێت."
25ی مانگی رابردوو پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا رایگەیاند، ئەم ساڵ هیچ ناوێکی نوێ بۆ چوونە حەج نانووسرێت.
16-12-2023 تیروپشک بۆ ئەو کەسانە کرا کە فۆرمی حەجیان پڕکردبووەوە، لەوانەش 65 هەزار و 195 کەس لە ساڵی 2017 و 56 هەزار و 669 کەسیش لە ساڵی 2023 داوایان بۆ چوونە حەج پێشکێش کردبوو؛ لە تیروپشکەکەدا ناوی 4174 کەس بۆ حەجی ساڵی 2024 دەرچوو.
وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، تەواوی ئەو کەسانەی لە ساڵانی 2023 و 2017 ناویان نووسیبوو، ناویان لە تیروپشکی حەجی 2025دا دەبێت.
پێشتر بۆ حەجی ساڵی 2024 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئەوانەی ناویان دەرنەچێت ناویان دەسڕنەوە و جارێکی دیکە ناویان ناچێتەوە تیروپشکەوە، ئەگەر دووبارە ناو تۆمارنەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ