پارتی، سوننە و تورکمانی کەرکووک کارنامەی پارێزگاری بەنۆرە ئامادە دەکەن

04-08-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
تورکمان و زۆرینەى سوننەکان و پارتى کارنامەیەکى دانوستاندن ئامادە دەکەن بۆ ئەوەى کاروباری کەرکووک بەشێوەی نۆرە لە لایەن سێ پێکهاتەوە بەڕێوەببردرێت.
 
ئەندامێکى عەرەبی ئەنجوومەنى پارێزگاکە دەڵێت، "ماوەی ئەو سێ پێکهاتەیە لە بەڕێوەبردنی پۆستى پارێزگار و بەربژێرەکان قسەى لەسەر نەکراوە". 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 4ى ئاب، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی فراکسیۆنی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پەرلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر کرد.
 
کۆبوونەوە کە بۆ تاوتوێکردنى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک بوو. سەلوا مەفرەجی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى هاوپەیمانیى عەرەبی بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سەرۆک بارزانى جەختى لەوە کردەوە کە پێویستە ئەو حکومەتە بێ پەراوێزخستنى هیچ پێکهاتەیەک بێت و ببێتە مایەى سەقامگیرى بۆ پارێزگاکە.
 
کەمتر لە هەفتەیەک لەبەردەم لایەنە سیاسییەکانى کەرکووک ماوە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی پارێزگاکە و تاوەکو ئێستا لەو بارەیەوە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
 
سەلوا مەفرەجى رایگەیاند، "سیناریۆى بەڕێوەبردنى پارێزگاکە بە شێوەى نۆرەى سێ لایەنە (کورد، عەرەب، تورکمان) نزیکترین سیناریۆیە و دەکرێتە کارنامەى دانوستاندنى عەرەب، تورکمان و پارتى و سەرکردایەتى ئەو لایەنانە لەو بارەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانیش دەکەن".
 
پێشنیازەکە ئەوەیە کە پۆستى پارێزگار لەنێوان کورد، عەرەب و تورکمان بە نۆرە بەڕێوە ببرێت بۆ ئەو ماوەیەى لە تەمەنى ئەنجوومەنى پارێزگای کەرکووک ماوە کە سێ ساڵ و چوار مانگە.
 
ئەندامەکەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە فراکسیۆنى هاوپەیمانیی عەرەبی گوتى، "هێشتا ئەو ماوەیە دیاری نەکراوە کە هەر کام لەو پێکهاتانە پۆستى پارێزگاریان بەدەستەوە دەبێت و قسەش لەسەر بەربژێرەکان نەکراوە، بەڵام پۆستەکانى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان پارێزراو دەبن".
 
ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە 16 ئەندام پێکدێت. 9 کورسی دەبێتە زۆرینە بۆ یەکلاییکردنەوى پۆستەکان. یەکێتى پێنج کورسی هەیە.
 
بەرەى تورکمانیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا لە بارەى کۆبوونەوەکە ئاماژەى بەوەداوە کە بەشدارانى کۆبوونەوەکە جەختیان لەسەر گرنگى بەردەوامى دیالۆگ و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک و بەشداری پێکردنى هەموو پێکهاتەکان کردەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە