جیهان پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە دەکات

04-08-2023
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وڵاتانی جیهان بەگەرمی پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکەن و داوا لە لایەنەکان دەکەن بەیەکەوە هەڵبژاردنەکان سەربخەن. 

 

رۆژی هەینی، 4ـی ئابی 2023، فەرمانگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە تویتێکدا نووسی:" پێشوازی لە راگەیاندنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە شوباتی 2024 دەکەین". 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت، هەڵبژاردنی رێکوپێک، ئازاد و دادپەروەرانە شەرعیەت بە حکومەتەکان دەبەخشێت و دەنگێک بە هاووڵاتییان دەدات لەوەی کێ هەڵدەبژێردرێت بۆ نوێنەرایەتیکردنیان لە حکومەتدا و پشكێکیشیان دەداتێ لەوەی چۆن حکومڕانی دەکرێن. 
 
پێشتر، کۆنسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر لە تویتێکدا رایگەیاند، "راگەیێندراوێکی گرنگ لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی عێراق لە 25ـی شوباتی ساڵی داهاتوو کراوە." 
 
کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا دەشڵێت، "ئێمە بە تەواوەتی پاڵپشتی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەر و گشتگیر دەکەین بۆ ئەوەی رێگە بە هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بدرێت گوزارشت لە مافی دەنگدانیان بکەن." 
 
هاوکات، ئەڵمانیا پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکات: "هانی هەموو لایەنەکان دەدەین بەشێوەیەکی بونیاتنەرانە بەشداریی تێدا بکەن"
 
کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر لە تویتێکدا دەڵێت: "زۆر پێشوازی لەوە دەکەین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هەرێمی کوردستان دیاریکردووە. هانی هەموو لایەنەکان دەدەین بەشێوەیەکی بونیاتنەرانە بەشداریی تێدا بکەن و دڵنیایی بدەن لەوەی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا و بەشێوەیەکی ئازاد، دادپەروەرانە و گشتگیر دەکرێن." 

 

 

 

لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا لە عێراق رایگەیاند، "پێشوازی لە راگەیێندراوی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن نێچیرڤان بارزانییەوە لە
25ـی شوباتی 2024 دەکەین. داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەر و خێرا دەکەین. مافی دەنگدان، بڕبڕەی پشتی دیموکراسییە و بۆنەیەکی پڕبەهایە بۆ گەلی کورد بۆ ئەوەی گوزارشت لە دەنگی خۆیان بکەن." 
 
 
هەر ئەمڕۆ هەینی، رۆدۆڵف ریچارد، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر لە تویتێکدا نووسی، دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە قۆناخێکی یەکلاکەرەوەیە، "گرنگە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و هێزە سیاسییەکان هەماهەنگی بکەن لە پێناو رێکخستنی پرۆسەیەکی هەڵبژاردن کە رێز لە رێسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت." 
 
 
رۆژی پێنجشەممە، ڤيله‌ ڤاريۆلا، باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌وروپا لە عێراق بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد. ڤاریۆلا ئەمڕۆ لە تویتێکدا گوتی، "دوێنێ، لەمیانی گەشتی ماڵئاواییم بۆ هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی نایابم لەگەڵ جەنابی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئەنجامدا. پێشوازیم لە دیاریکردنی رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە 25ـی شوباتی 2024 کرد. دەبێت ئێستا هەموو لایەنەکان بەیەکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان سەربخەن." 
 

 
 
 
 
لای خۆیەوە، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق پێشوازی لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەکات و ئەمڕۆ لە تویتێکێکدا گوتی، "باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر پێشوازی لە راگەیێندراوی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن کە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە 25ـی شوباتی 2024 بەڕێوەدەچن."
 
باڵیۆزی ئەمریکا گوتیشی کە، هەڵبژاردنی ئازاد، دادپەروەر و لەکاتی خۆیدا، بنچینەی هەر دیموکراسییەتێکی تەندروستن."  
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، رۆزی کەیڤ، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر لە راگەیێندراوێکدا کە لە تۆڕی ئێکس (تویتەر) بڵاویکردووەتەوە، گوتی، "پێشوازی لە راگەیێندراوەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دەکەین کە رایگەیاند، هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لە 25ـی شوباتی 2024 بەڕێوەدەچێت." 
 
کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا گوتیشی، "بەریتانیا بەردەوام داوای کردووە هەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە و گشتگیر بەبێ دواکەوتنی زیاتر ئەنجامبدرێن. هانی هەموو لایەنەکان دەدەین کە بەشێوەیەکی بونیاتنەرانە بەشداریی بکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵیابن لەوەی هەڵبژاردنەکان لە کاتی خۆیاندا بەڕێوەدەچن." ئەمەش وەکو خۆی دەڵێت، دەرفەتێکی گرنگە بۆ خەڵکی هەرێـمی کوردستانی عێراق بۆ تێکەڵبوون لە پرۆسەی دیموکراسی و بەرجەستەکردن و بەکاهێنانی مافی دەنگدانیان. 
 
 
نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر رایگەیاند، "پێشوازی لە راگەیێندراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هەرێمی کوردستانی عێراق 25ـی شوبات هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجامدەدات. هانی هەموو لایەنەکان و بەرپرسان دەدەین هەوڵەکانیان بۆ پاڵپشتیکردن لە پرۆسەیەی هەڵبژاردنێکی روون، ئازاد و دادپەروەرانە نوێبکەنەوە."
 
 
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی پێنجشەممە، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، 03-08-2023، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، "دڵنیاتان دەکەمەوە هەموو لایەنەکان لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو رۆژەدا یەکدەنگن."
 

 

 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ.

سۆزان مەنسوور: وەکو کەرکووک ئامادەکاریی بۆ گەڕانەوەی کورد و خۆتۆمارکردنیان لە خانەقین نەکرابوو

نوێنەرێکی خانەقین لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەو هەڵمەت و ئامادەکارییەی بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانییانی کورد و خۆتۆمارکردنیان لە سەرژمێری لە کەرکووک کرا بۆ خانەقین و پارێزگای دیالە نەکران و لە پرۆسەکەدا لەو ناوچانە چەندین گرفت بۆ تۆمارکردنی کورد دروستکران.