رووداو - هەولێر
پێچەوانەی مانگی حوزەیران، كە داعش لە سنووری قەزای حەمدانیە (قەرەقووش) نزیكبووەوە، ئەمجارەیان دانیشتووانی مەسیحی ئەو شارۆچكەیە ئامادەنین ماڵوحاڵیان جێبهێڵن.
عەلی سەلمان، بەرپرسی رێكخستنی رێكخراوی حەمدانیەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردوو دانیشتووانی حەمدانیە كە زۆرینەیان مەسیحین بەهۆی هەڕەشەكانی چەكدارانی داعشەوە ماڵوحالی خۆیان بەجێهیشت و روویان لە سنووری پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك كرد، بەڵام دوای هاتنی هێزی زیاتری پێشمەرگە بۆ ناوچەكە نزیكەی 60% ی ئەو خەڵكە گەڕانەوە شارۆچكەكە و دەستیان بە ژیانی ئاسایی خۆیان كرد.
عەلی سەلمان گوتی: "ئەمجارەیان دانیشتووانی حەمدانیە نایانەوێ ماڵوحالیان جێبهێڵنەوە لەبەر دوو هۆكار، یەكەم: لەبەر پشت ئەستوورییان بە هێزەكانی پێشمەرگە، كە ئەركی پاراستنی ئەو سنوورەی گرتووەتە ئەستۆ. دووەم: خەڵكەكە هیچ ترسێكیان لە هەڕەشەكانی چەكدارانی داعش نەماوە، چونكە لە رابردوودا زۆر هەڕەشەیان كردو نەیانتوانی هیچ زیانێك بگەیەنن".
قەزای حەمدانیە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری موسڵ بە دووری 17 كیلۆمەتر، كە دانیشتووانەكەی لە پێكهاتەكانی كوردی شەبەك، مەسیحی، كاتۆلیك، ئارتەدۆكس، مسوڵمان پێكهاتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ