حەشدی شەعبی بۆ دروستکردنی سەربازگە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی 6 دۆنم زەوی لە کەرکووک دەدات

04-07-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
هێزێکی حەشدی شەعبی لەسەر زەوییەکە کار دەکەن. وێنە: رووداو
هێزێکی حەشدی شەعبی لەسەر زەوییەکە کار دەکەن. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

هێزێکی حەشدی شەعبی دەیانەوێت لە گەڕەکی شۆراو لە کەرکووک دەست بەسەر پارچە زەوییەکی وەبەرهێناندا بگرن تاوەکو بیکەن بە بارەگای سەربازی. زەوییەکە شەش ساڵە بۆ دروستکردنی باخچە، یاریگەی و مەلەوانگە مۆڵەتی وەبەرهێنانی پێدراوە.
 
نەبەز ئەنوەر ئەو وەبەرهێنەرەیە زەوییەکەی بۆ 50 ساڵ وەرگرتووە، ئەمە جاری دووەمە حەشدی شەعبی هێز دەبەنە سەر زەوییەکە و دەڵێت، "ژمارەی مۆڵەتی وەبەرهێنانی 160 و زەوییەکە موڵکی دەوڵەتە، ئەم حەشدانە لە دەیەم رۆژی رەمەزاندا هاتنە سەر زەوییەکان و ئەو کاتیش بە ئۆتۆمبێل و ئالیاتی سەربازی هاتن، کۆمەڵێک چەتە و رێگرن و توانرا کاتی خۆی بە هەوڵی ئاسۆ مامەند لە ماوەی دوو کاژێردا دووربخرێنەوە. ئێستا جارێکی دیکە هاتوون و دەیانەوێت لە گەڕەکێکی کوردیی وەکو شۆراو کێشە بۆ دانیشتووانەکەی دروستبکەن."
 
پەرلەمانتار و لایەنگرانی یەکێتی لە هەوڵی حەشدی شەعبی لە کەرکووک نیگەرانن، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی گردبوونەوە و داوایان لە بەغدا کرد سنوورێک بۆ کارە نایاساییەکانی حەشد لە کەرکووک دابنرێت.
 
دیلان غەفوور، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "ئەمڕۆ بە سەتان واژۆمان لە خەڵکی گەڕەکی شۆراو پێگەیشتووە کە ناڕازین لە دروستکردنی سەربازگەیەکی حەشدی شەعبی لە ناوجەرگەی گەڕەکێکی کوردی کە دەستەی حەشدی شەعبی دروستی دەکات، ئێمە بە تووندی دژی ئەم کارەین و لەگەڵ ئەوەداین سەرجەم بارەگا سەربازییەکان لە شار دەربکرێن و لەنێو شار دووربخرێنەوە."
 
رووبەری ئەو زەوییەی حەشد دەیەوێت بارەگای هێزەکانی لەسەر دروستبکات، شەش دۆنمە، وێڕای هەوڵەکانی یەکێتی و پەرلەمانتارەکانی، هێزەکە لە کارکردن تێیدا بەردەوامن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە