رووداو - کەرکووک
ژمارەیەک عەرەبی هاوردە چوونە سەر گوندی رزگاریی کاکەیی لە سنووری داقووق و داوای چۆڵکردنی 53 خانووی گوندەکە دەکەن.
دانیشتووانی گوندەکە کاکەیین، لە سەردەمی بەعس بەر شاڵاوی راگواستن کەوتوون و زەوی و خانووەکانیان بە دیاری دراوەتە عەرەبی هاوردە، ئێستا ئەو هاوردانە گەڕاونەتەوە و داوای خانووی کاکەییەکان دەکەن.
سیروان حەسەن، دانیشتووی گوندی رزگاری دەڵێت، "ئەم گوندە موڵکی کاکەیی بوو، سەدام حوسێن ئەم عەرەبانەی هێنا و خانوو و زەویی ئێمەی پێدان، لە ساڵی 2003 کە ئێمە هاتینەوە، ئەوان رایانکرد و رۆیشتن، ئێمەش لەسەر حسابی خۆمان خانووەکانمان دروستکردەوە و تێیدا نیشتەجێ بووین، ئێستا هەر رۆژەو بیانوویەک دەدۆزنەوە و بەبێ بوونی بەڵگەنامە دێنە سەرمان و یەک دوو کەسمان دەدەنە دادگە."
هاوردەکان لە دادگەی داقووق، سکاڵایان لەسەر 19 کاکەیی گوندەکە تۆمار کردووە، لەسەر ئەو سکاڵایە نزیکەی 10 کاکەیی دەستگیرکراون و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بەشێکی دیکەشیان دەرچووە.
لەشکر لوقمان، دووکاندار لە گوندی رزگاری دەڵێت، "من و باوکم و برایەکم سکاڵامان لەسەرە و لە دادگە بە کەفالەت ئازاد کراوین، حەوت بۆ هەشت ئامۆزام بە هەمان شێوە بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو عەرەبانە خاوەن حەق نین و زەویی گوندەکە موڵکی حکومەتە؛ بەڵام لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە ئەو رووداوە ناوچەکانی داقووقی گرتووەتەوە."
عەرەبە هاوردەکان جگە لە وەرگرتنەوەی خانووەکان، داوای قەرەبووی بەکارهێنانی خانووەکان دەکەن و مۆڵەتی 15 رۆژیان بە کاکەییەکان داوە تاوەکو گوندەکە چۆڵ بکەن.
شکار مەردان، پارێزەر ئاماژە بەوە دەکات، "بە ماددەی 431 سکاڵایان تۆمار کردبوو، بەڵام دادوەرەکە مادەکەی گۆڕی و کردی بە ماددەی 36ی بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس - ساڵی 1994، ئەو ماددەیە پەیوەستە بە تاوان و سزاکەی لە دوو ساڵەوە دەستپێدەکات تاوەکو حەوت ساڵ."
ئەو عەرەبانەی داوای خانووەکانی گوندی رزگاریی کاکەیی دەکەن، هیچ بەڵگە و نووسراوێکی فەرمییان نییە، کە خاوەندارێتیی گوندەکەیان بۆ بسەلمێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا سوورن لەسەر داواکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ