رووداو - کەرکووک
شەش رۆژە خۆپێشاندانی جووتیارانی کورد و تورکمان دژی هەوڵێکی فیرقەی 8ی سوپای عێراق بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکانیان بەردەوامە. جووتیارێکی کورد ئەو بڕیارەی بەدەستەوە گرتووە کە رووبەری 135 هەزار دۆنم زەویی گوندەکەیان و چەند گوندێکی دیکەی کەرکووکی پێ تەعریب کرا و بردیە نێو خۆپێشاندەران لە گوندی تۆپزاوا.
سەرکەوت قادر، دانیشتووی گوندی تۆپزاوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ساڵی هەشتاکانەوە تاوەکو 2003 ئومێدمان هەبوو و دەمانگوت حکومەتی بەعس دیکتاتۆرە و دەڕووخێت، بەڵام ئەم حکومەتەی ئێستا لەژێر ناوی دیموکراسی و فیدراڵی و ئازادی ئەگەر رامانبگوازن چۆن دەتوانین جارێکی دیکە بێینەوە شارەکەمان؟"
فیرقەی 8ی سوپای عێراق داوای رووبەری 9000 دۆنم زەویی کورد و تورکمانی تۆپزاوا دەکات و دەیەوێت لە هەنگاوی یەکەمدا رووپێوی بۆ 4000 دۆنم زەوی بکرێت و بۆ ئەو کارەش نووسراوی بۆ فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک کردووە.
عەبدوڵلا محەممەد، جووتیار لە گوندی تۆپزاوا باس لەوە دەکات، زەوییەکانی ئەوان دۆنم و دوو دۆنم نییە کە شەڕی لەسەر دەکەن، "ئەمە نیوەی زەویی کەرکووک دەگرێتەوە، کە کوردستانییە، ئێمە نامانەوێت بڵێین حەمرین دوا سنوورە، با بڵێین تۆپزاوا دوا سنوورە و جارێ ئێرە وەربگرینەوە."
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان ئەوەی خستەڕوو، "زەوییەکانی ئێمە تاوەکو ئێستا لەڕووی یاساییەوە بە داگیرکراوی ماوەتەوە و بەناوی خۆمان نییە، بۆیە بەردەوام کێشەکان سەرهەڵدەداتەوە و لە هەمووی مەترسیدارتر ئەوەیە کە سوپای عێراق دەستتێوەردانی تێدا دەکات."
لەسەر داوای نوێنەرانی کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەزیری بەرگریی عێراق بڕیاری رووپێوکردنی زەوییەکانی تۆپزاوای بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە.
نەجوە حەمید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، "کەرتی تۆپزاوا و تەرکەلان و تسعین، موڵکی وەزارەتی بەرگری نییە و لەوە دڵنیاین و ئێستاش کێشەمان نییە ئەگەر راسپێردراون تاوەکو رووپێوی بکەن بە مەرجێک پێداچوونەوە بە سەرەتایی زەوییەکان بکرێت، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەمان کردووە و بڕیاری داوە لیژنەیەک پێکبهێندرێت و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بکرێت."
زەوییە کێشەلەسەرەکانی گوندی تۆپزاوای کەرکووک، موڵکی کوردن و لە ساڵی 1975 بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوون و خراونەتە سەر وەزارەتی بەرگریی عێراق و ئێستا فیرقەی 8ی سوپا دەیەوێت بیکاتە یەکەی نیشتەجێبوونی سەرباز و سەربازگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ