رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت: لە شەڕەکەی ئەمشەودا پێشمەرگەیەکیان "شەهید"بووە و یەکێکی دیکەش بریندارە.
فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 8:00ی ئەمشەو پێنجشەممە، هێزێکی سەر بە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود، چوونەتە ئەو خانووەی کە کێشەی موڵکداری لەسەرە، لەکاتێکدا ئاسایش لەو شوێنەبووە و گوتوویانە کەس ناچێتەوە خانووەکە تاوەکو کێشەکە یەکلایی دەبێتەوە.
فەرهاد تۆفیق گوتی: "هێزەکەی سەر بە عەبدوڵڵای حاجی مەحموود، لەناکاو هێرشیانکردووەتە سەریان و ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک شەهید و یەکێکی دیکەش بریندار بووە."
گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هێزە ئەمنیەکان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی بکەن.
هاوکات رەزا محەممەد، قایمقامی سەیدسادق بە رووداوی راگەیاند، "یەک کوژراو هێنراوەتە نەخۆشخانەی شارەکە، ناوی دابان محەممەدە و لە دایکبوی 199ـە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، کوژراوەکە پاسەوانی تایبەتی کچێکی محەممەدی حاجی مەحموودە.
موقەدەم بەرزان عوسمان، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی: "لە گوڵەخانە شەڕ بەردەوامە، بەڵام هیچ کوژراو و بریندارێک نەهێنراوەتە نەخۆشخانەکانی هەڵەبجە."
.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ