رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە جووتیارانی راپەڕین پێش وەرزی دروێنە و خەرمانکردن، بەهۆی نەخۆشییەکەوە گەنمەکانیان وشکبوو و هەر بە قەرسیلی و لە نێوەڕاستی بەهار، مایەپووچ و رەنج بەخەساربوون.
نەخۆشییەکە لەنێو جووتیاران بە نەخۆشیی ژەنگ ناسراوە، نزیکەی مانگێکە بڵاوبووەتەوە و بەوهۆیەوە زەوییەکانیان دەکێڵنەوە.
عەباس باییز، یەکێکە لەو جووتیارانەی 40 دۆنم لە گەنمەکەی تووشی ئەو نەخۆشییە بووە کە خۆیان پێی دەڵێن دەرد لێی داون. ئەم ساڵ مەزندە دەکرا زیاتر 300 تۆن بەرهەمی گەنمیان هەبێت، بەڵام ئێستا چاوەڕێی کەمتر لە 40 تۆنن و بە نزیکەی 450 ملیۆن دینار زەرەرمەند بووە.
باییز دەڵێت: سەرەتا نەخۆشییەکە لە قەدی گەنمەکەبوو، پاشان وردە وردە هاتە گەڵاکان و هەموو گەنمەکەی گرتەوە و بەتەواوی وشک بوون.
مستەفا محەممەدیش جووتیارێکی دیکەیە کە زەرەرمەند بووە، دەڵێت: "زۆربەی گەنمەکان تووش بوون، ئێستا بەناچاری زەوییەکان دەکێڵینەوە، ساڵانە ئەگەر زوو داچێنرابان نەخۆشی هەبوو، بەڵام ئەو نەخۆشییە جیاوازە لە پەرێز و لە وەردەکە وەک یەک وشک بوون."
نەخۆشیی ژەنگ تووشی قەد و گەڵای چڵەگەنمەکان دەبێت، رەگ و ریشەیان وشک دەکات، هۆکاری نەخۆشییەکە بارانی زۆر و سەرمای بەهێز و کێڵانی پێشوەختەی زەوییەکان و جۆری بنەتۆوە.
غازی فەتاح، لێپرسراوی بەشی پاراستنی رووەک لە کشتوکاڵی راپەڕین ئاماژە بەوە دەکات، ئەم ساڵ زۆربەی ئەو گەنمانەی تووشی نەخۆشییەکە بوون، ئەوانەن کە پێش بارانی پەڵە داچێندراون، "گەنمەکانیان باڵایان زیاتر بووە و لە کاتی بارانبارین شێی زیاتر وەردەگرن، بەوهۆیەوە تووشی نەخۆشی دەبن."
بەگوێرەی ئامارەکانی کشتوکاڵی راپەڕین رووبەری داچێنراو بە گەنم لە سنووری ئیدارەکە 180 هەزار دۆنمە، کۆی بەرهەمی گەنم ساڵانە زیاتر لە 108 هەزار تۆنە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ