لە دادگەیەکی هەولێر لە پارێزەرێک دەدرێت و 'خەڵتانی خوێن کراوە'

04-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دادگەی دەشتی هەولێر هێرش کرایە سەر پارێزەرێک. گوتەبێژی سەندیکای پارێزەران دەڵێت، "سکاڵامان لەسەر ژمارەیەک پۆلیس و ئەو کەسەی بووەتە هۆکاری ئەو رووداوە، تۆمار کردووە."
 
رۆژی سێشەممە 4ی شوباتی 2025 ئارام گەردی، گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو پارێزەرە کەیسێکی لابووە، کە لای دادوەرێکی دادگەی دەشتی هەولێرە. تاوەکو ئێستا نازانین هۆکاری ناکۆکییەکە چی بووە، بەڵام ئەمڕۆ لە دادگە لەلایەن زیاتر لە پۆلیسێکەوە هێرش کراوەتە سەری و خەڵتانی خوێن کراوە."
 
گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی هەولێر دەڵێت، "ئەو پارێزەرە هەر کارێک و سەرپێچییەکی کردبێت، نابێت بەم شێوەیە و لەلایەن زیاتر لە پۆلیسێکەوە هێرشی بکرێتە سەر؛ دەبووایە کێشەکە بە یاسا چارەسەر بکرێت."
 
پارێزەرەکە ناوی سیهاد عەبدولکەریم مەجیدە. گوتەبێژی سەندیکای پارێزەرانی هەولێر دەڵێت، "ئەو کەسە ئەمڕۆ بۆ کەیسێک چووەتە دادگە و لەلایەن زیاتر لە پۆلیسێکەوە کە پاسەوانی دادوەر بوون، هێرشی کراوەتەسەر، دواتر دەستگیر کراوە و راگیراوە."
 
ئەو پارێزەرە ئەندامی سەندیکای پارێزەرانە. ئارام گەردی دەڵێت، "وەکو سەندیکای پارێزەران سکاڵامان لەسەر ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە تۆمار کردووە. لەگەڵ ئەنجوومەنی دادوەری و سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر لەسەر هێڵین بۆ سزادانی تۆمەتباران."
 
عەبدولکەریم مەجید، باوکی پارێزەرەکە بە رووداوی گوت، "بەیانیی ئەمڕۆ کوڕەکەم گەیاندە دادگەی لێکۆڵینەوە بۆ کارکردن. منیش هەندێک کارم هەبوو لەوێ؛ دوای ماوەیەکی کەم بینیم کوڕەکەمیان لە هۆڵی دادگاییکردن هێنایە دەرەوە، کە هەموو گیانی خوێن بوو و ئاسەواری لێدانێکی زۆری پێوەبوو."
 
باوکی پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "کوڕەکەم پارێزەرە و ئەمڕۆ بۆ کاری پارێزەری چووە دادگای لێکۆڵینەوە، بەڵام ئەو کاتەی چووەتە بەردەم دادوەر، لەلایەن پاسەوانەکانی دادوەرەکەوە هێرش کراوەتە سەری و بە چەند کەسێک لێیانداوە، هەموو گیانی کراوە بە خوێن و دواتریش کەلەپچە کراوە."
 
عەبدولکەریم مەجید ئەوەشی گوت، "حاکم گوتی، کوڕەکەت بە کەفالەتی 10 ملیۆن دینار ئازاد دەکەین، بەڵام من ئامادە نەبووم بیدەم، چونکە کوڕەکەم خۆی پارێزەرە و بۆ کاری پارێزەری لەوێ بووە. چۆن دەبێت لەنێو دادگا لێی بدەن و دەستگیری بکەن و دواتریش بڵێن بە کەفالەت و پارە بەری دەدەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەکە ببینن و بزانن "بەغدا هەمووی دەوێ" یانی چی.

هێشتا ماویەتی؛ 'بەغدا هەمووی دەوێ'

لە 15ی نیسانی 2025ەوە، هەموو بازرگانییەک وەستا، بژێوی هەزاران کەس وەستا... تاوەکو 6ی ئایار، رۆژی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدراڵ. لەم بەرنامەیەدا سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق تەواوی رێککەوتنەکە باس دەکات.