رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئەمڕۆ سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و نموونەی مریشکی زیندوو وەردەگرێت بۆ پشکنین بە مەبەستی رێگەدان بە هەناردەکردنیان.
رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە 04-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شاندەکە ئەمڕۆ خۆیان دەچنە پەلەوەرخانەکان و سامپڵ وەردەگرن بۆ دڵنیابوونەوەیان لە تەندروستبوونی مریشکەکان".
یەکێک لەو هۆکارانەی عێراق رێگە نادات مریشکی هەرێمی کوردستان ببرێتە نێوەڕاست و خوارووی وڵات، دەڵێن گوایە ڤایرۆسی ئەنفلەوەنزای پەلەوەر هەیە. رابەر محەممەد دەڵێت: "پێشتر خۆشمان سامپڵمان بۆ ناردوون کە مریشکەکان خاوێنن، بەڵام ئەوان هەر رێگەیان نەداوە و ئێستا شاندی خۆیان هاتوون بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر".
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 840 پەلەوەرخانە هەن. بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی پەلەوەرخانەکان، هەرێمی کوردستان تەواو پشت بە نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەبەستێت، بۆیە رێگەدان بە هەناردەکردنەوەی گرنگە بۆ خاوەن پەلەوەرخانەکان".
لەکاتێکدا هێشتا دەستپێکردنەوەی هەناردەی مریشک بۆ نێوەڕاست و خوارووی عێراق دەستیپێنەکردووە، نرخی مریشک لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە مانگی رابردوو کیلۆی هەزار دینار بەرزبووەتەوە.
محەممەد عومەر، مریشکفرۆش لە شاری هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە سێ هەزار و 300 دینارە".
نێوەڕاستی مانگی رابردوو کیلۆیەک مریشکی زیندوو بە دوو هەزار و 100 بۆ دوو هەزار و 300 دینار بوو.
بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 105 ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن کە بەرهەمەکەیان نزیکەی 250 هەزار تۆن گۆشتە، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە نێوخۆدا 146 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ