کەی یاسای گەڕانەوەی موڵک جێبەجێ دەکرێت؟

04-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ رێگرییەکانی عەرەبی هاوردە و هێزەکانی سوپای عێراق لە جووتیارانی کورد لە بەشێکی پارێزگای کەرکووک بەردەوامە. سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پارێزگاکە دەڵێت: "جێبەجێکردنی یاساکە سینی زێڕ نییە و یەکدەنگی کوردی دەوێت".
 
دوای چەند جارێک دواخستن بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق، 21-01-2025 پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و نەچووەتە جێبەجێکردنەوە.
 
یاساکە پەیوەندیی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە هەیە. یاساکە تایبەت بوو بە گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵى ئەو کەسانەى کە بەگوێرەى هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشوو (بەعس) لێیان داگیرکرابوو.
 
پێش یاساکە و لە 08-11-2024ـەوە رێگە نەدەدرا جووتیارانی کورد لە گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکە لە ناحیەی سەرگەڕان لە کەرکووک زەوییەکانیان بکێڵن. نوێنەری جووتیارانی سنوورەکە دەڵێت، دوای یاسەکەش دەرکراوە، بەڵام رێگری بەردەوامە.
 
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێگری لە کێڵانی زەوییەکانمان بەردەوامە، هەوڵی زۆریشمان داوە، بەڵام رێگەنەدراوە زەوییەکانمان دابچێنین".
 
نوێنەرەکەی جووتیاران گوتیشی، کاتی چاندن بۆ زەوییەکانیان زۆر دواکەوتووە، چونکە زۆرینەیان بەراون، بەڵام ئێستاش رێگەیان بدرێت زەوییەکانیان دادەچێنن.
 
ئەو زەوییانەی لەو چوار گوندەدا عەرەبی هاوردە ئاستەنگیان بۆ جووتیارەکان دروستکردووە، نزیکەی 40 هەزار دۆنم دەبێت.
 
کەی یاساکە جێبەجێ دەکرێت؟
 
عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای ئەوەی پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درا، لیژنەی یاسایی ناردوویەتی بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ راستاندن، دوای ئەوە دەبێت لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە، پاشان سەرۆکایەتیی کۆمار دەینێرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێوە بۆ جێبەجێکردن رەوانەی وەزارەتەکان دەکرێت".
 
عەبدوڵڵا میروەیس دەڵێت: "یاساکە وەک سینییەکی زێڕین پێشکێشی کورد ناکرێت. هەروەها هی ئەوەش نییە بە مانگێک و دووان جێبەجێ بکرێت؛ پێموایە شەش مانگ کاتی دەوێت، بەڵام ئەوەی گرنگە هیچ وەزارەتێک ناتوانێت جێبەجێکردنەکەی رەتبکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چاودێریی کورد و یەکدەنگیی کورد بۆ جێبەجێکردنی یاساکە زۆر پێویست و گرنگە".
 
بەگوێرەی مادەی چواری یاساکە پێویستە لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران رێنوێنی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەربکات و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بکات.
 
سەرۆکە کوردەکەی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بە گرنگیی یاساکە کرد و گوتی: "ئێمە ئێستا پشتیوانیی یاسامان هەیە، بۆ نموونە سوپا ناتوانێت بڵێت ئەو زەوییە هی منە و سکاڵا دەکەم و تاپۆ بە ناوی منەوەیە، ئێستا ئەوە نەماوە و دادوەریش دەڵێت، مافی ئێوە نەماوە و تاپۆکان بە هەڵوەشاوە دادەنرێن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی شرنەخ لە باکووری کوردستان.

چوونی خەڵک بۆ 14 ناوچەی شرنەخ قەدەخە کرا

لە سنووری پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان چوونی خەڵک بۆ چیای گابار، چیای جوودی و چەند ناوچەیەکی دیکە بۆ 15 رۆژ قەدەخە کرا. قەدەخەکردنەکەش بەپێی یاسای سەربازی راگەیێندراوە.