رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کاتیی سووریا دەڵێت، رێکخستن و کردنی هەڵبژاردن لە سووریا دەکرێت تاوەکو پێنج ساڵ بخایەنێت.
رۆژی دووشەممە 03-02-2025 ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ تەلەفیزیۆنی سووریا تیڤی گوتی: "پێشبینی دەکەم کە ماوەی رێکخستنی هەڵبژاردن لە نێوان چوار بۆ پێنج ساڵی دیکە بێت."
شەرع لە هەڤپەیڤینێکی کانوونی یەکەمی 2024 بە میدیای سعودی گوت، پرۆسەی هەڵبژاردن چوار ساڵی پێویستە.
رۆژی 08-12-2024 چەکدارانی دەستەی تەحریری شام بە سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع چوونە نێو دیمەشق و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد هێنا. رۆژی 29-01-2025 شەرع بە سەرۆکی کاتیی سووریا دەستنیشانکرا.
ئەحمەد شەرع گوتی. پێویستە ژێرخانی دەنگدان دووبارە دابمەزرێتەوە، ئەمەش کاتی پێویستە.
سەرۆکی کاتیی سووریا بەڵێنیشیدا، یاسایەک دادەنێن کە رێگە بە هەموو پارتە سیاسییەکان بدات، گوتیشی: "سووریا دەبێتە کۆمارێک کە پەرلەمانێک و حکومەتێکی جێبەجێکاری هەبێت."
بە سەرۆک دەستنیشانکردنی ئەحمەد شەرع لەلایەن چەندین وڵاتی گرنگ و کاریگەری ناوچەکە پێشوازی لێکرا، لەوانەش قەتەر، میسر، تورکیا و سعودیە.
ئەرکێکی دیکەی ئەحمەد شەرع دامەزراندنی پەرلەمانێکی کاتییە، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمانی سەردەمی ئەسەد، حیزبی بەعسیش کە چەندین دەیە بوو حوکمی سووریای دەکرد، هەڵوەشێنرایەوە.
کارکردن بە دەستووری سووریا راگیرا، سوپای سەردەمی بەشاری ئەسەد ودەستەی تەحریری شامیش هەڵوەشێنرایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ