رووداو - سلێمانی
بەئامادەبوونی نوێنەرانی کتێبی گینس درێژترین قردێلەی شێرپەنجە لە جیهاندا لەسەر چیای گۆیژەی سلێمانی نمایشکرا، مەبەست لە نمایشکردنی قردێلەکەش بۆ ئەوەبوو بچێتە ناو کتێبی گینس.
درێژیی قردێلەکە حەوت کیلۆمەتر و 288 مەترە و رێکخراوی ئاڤی هەستاوە بە نمایشکردنی قردێلەکە و تۆڕی میدیایی رووداویش سپۆنسەری میدیایی بۆ کردووە.
پێشتر درێژترین قردێلەی شێرپەنجە لە هیندستان نمایشکراوە و ناوی چووەتە کتێبی گینسەوە کە درێژییەکەی شەش کیلۆمەتر و 63 مەتر بووە، ساڵی 2018ش لە شاری دوبەی لە ئیمارات قردێلەیەکی دیکە نمایشکرا کە درێژییەکەی چوار کیلۆمەتر و 103 مەتر بووە.
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەیە، ساڵانە لە چواری مانگی دوو لە سەرانسەری جیهان چەندین چالاکی و کەمپەین بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجە بەڕێوەدەچن.