رووداو - هەولێر
سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیێنێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە. گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت هیچ وادەیەک بۆ سەردانەکە دیارینەکراوە.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دیارینەکراوە".
ئەمە لەکاتێکدایە عەباس بەیاتی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی رایگەیاندووە: "بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی کۆتاییهاتنی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا و تەواوکردنی دانوستانەکانی داڤۆس، لە چەند رۆژی داهاتوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات".
بەیاتی روونیکردووەتەوە کە نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ حەیدەر عەبادی کۆدەبێتەوە و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئابوورییەکان و رێککەوتنی نێوان هەردوولا بۆ کۆتاییهاتنی ناکۆکییەکان تاوتوێدەکەن، سەردانەکەش تەواوکەری سەردانەکانی پێشووە کە شاندی تەکنیکی و سیاسی کوردی بۆ بەغدا ئەنجامیاندابوو.
عەباس بەیاتی ئاماژەی بەوەش کردووە کە حکومەتی عێراق سوورە لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نێوان هەردوولا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق. جەختیشی کردووەتەوە کە دانوستاندنەکان پێویستیان بە کاتی زیاتر هەیە.
لەدوای ئەنجامدانی گشتپرسیی 25 ی ئەیلوولی 2017 و هێرشی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک و دەوروبەری لە 16 ی ئۆکتۆبەردا، نێچیرڤان بارزانی و حەیدەر عەبادی دووجار کۆبوونەوەتەوە. کۆبوونەوەی یەکەمیان 20-1-2018 لە بەغدا بوو، کۆبوونەوەی دووەمیشیان چوار رۆژ دواتر لە چوارچێوەی 48ـەمین كۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس بوو لە سویسرا. دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە سەردانی بەغدا دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا سەردانەکەی نەکردووە.
لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان حەیدەر عەبادی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەیەكی میسری کە دوێنێ بڵاوکرایەوە، ئاشکرایکرد لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی لەسەر نەخشەڕێگایەك رێككەوتوون: "لەکاتی بەشداریكردنم لە كۆنگرەی داڤۆس چاوم بە نێچیرڤان بارزانی قوباد تاڵەبانی كەوت و لەسەر نەخشەڕێگایەك رێكکەوتین، خوازیارم بەشێوەیەكی رێكوپێك جێبەجێبكرێت".
عەبادی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر رایگەیاندبوو: "سەرەتا دەمەوێ بڵێم بەشێكی كێشەی كورد مێژووییە، ئێمە رێز لە تێڕوانینەكانی كورد دەگرین، كێشەی كورد شەڕی سەرجەم حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بووە، هەروەها كێشەیەكی نەتەوەییش هەیە، چونكە ئەوان چەند خاڵێكی نەتەوەییان هەیە، سەرەڕای قەیرانی نەوت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئێستا كار لەسەر چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكان دەكەین".
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ