رووداو - کەرکووک
ململانێیەکی تووند بەرۆکی بەربژێرە تورکمانە سوننە و شیعەکانی کەرکووکی گرتووە، بە جۆرێک کە هەر رۆژەو یەکێکیان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان سکاڵا لەسەر ئەوی دیکە تۆمار دەکات.
بەرەی توکمانی و هەشت حیزبی دیکەی سوننە هاوپەیمانێتیی "بەرەی تورکمانی یەکگرتوو"یان پێکهێناوە و تەنیا خۆیان بە نوێنەری تورکمان دەزانن و دژی ئەو دوو هاوپەیمانێتییە تورکمانیە شیعەیەن کە بە جیاجیا بەشدارییان کردووە.
تورکشان ئەردال، بەربژێری بەرەی تورکمانی دەڵێت، "هیچ کێبڕکێیەک لەنێو لیستی بەرەی تورکمانی عێراقی یەکگرتوو نییە، پێشبینییەکانمان تەواو پێچەوانەن، ئەویش بە بەدەستهێنانی زۆربەی کورسیی ئەنجوومەنەکە، چونکە ئەم لیستە کورد، عەرەب و پێکهاتەی تورکمانیشی تێدایە."
دوو هاوپەیمانێتییە تورکمانییە شیعەکە یەکێکیان سەر بە رێکخراوی بەدر و ئەوی دیکەش عەسائیب ئەهلی حەقە، خۆیان بۆ بەدەستهێنانی سێ کورسی ئامادە کردووە و دەڵێن، دوای هەڵبژاردن دەردەکەوێت کێ نوێنەری زۆرینەی تورکمانی کەرکووکە.
ئیبراهیم حەمزەلی، بەربژێری هاوپەیمانێتیی "کەرکووکنا" دەڵێت، "زۆر هەوڵمان دا بۆئەوەی تورکمانەکان لە یەک لیست کۆببینەوە. سێ چوار جار لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کۆبووینەوە، بەڵام نەگەیشتینە رێککەوتن لەگەڵیان. نازانین ئایا ئەوە فەرمانی دەرەوە بوو یان فەرمانێکی نێوخۆ بوو، یانیش حیزبەکان لەگەڵ یەکدی نەگونجان! ئەگەرنا ئێمە هەوڵی زۆرمان دا. لە کۆتاییدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی ئێمە بە تەنیا و حیزبەکەی دیکەش بە تەنیا دابەزێت."
جگە لە ململانێی نێوان بەربژێرە شیعە و سوننەکانی تورکمان، ماوەی ساڵێکە سەرۆکی ئێستای بەرەی تورکمانی و سەرۆکی پێشووی ئەو بەرەیە لە ململانێیەکی توونددان، ئەوەش نیگەرانیی کەمبوونەوەی دەنگی تورکمانی سوننەی هێناوەتە ئاراوە لای لایەنەکان.
بەهجەت تورکان، بەرپرسی هەڵبژاردنی بەرەی تورکمانی ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمە تەنیا لە کەرکووک نییە و تایبەت بە حیزبێک نییە، تەواوی حیزبەکان بەدەست ئەمەوە دەناڵێنن. دواجار زیرەکیی بەربژێرانیش رۆڵی گرنگی لە رکابەرییەکەدا دەبێت. ئێمە لەو باوەڕەداین رێژەی بەشداربووان باش دەبێت و پشتیوان بە خودا بەربژێران دەیبەنەوە."
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2021، تورکمان سێ ئەندامی سەرکەوت، کە دووانیان شیعە و یەکێکیان سوننە بوو؛ بەڵام لە ساڵی 2014 سێ ئەندامی بۆ پەرلەمانی عێراق سەرکەوتن، کە هەرسێکیان سوننە بوون، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەنگی تورکمانی سوننە لە کەرکووک تادێت کەمتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ