رووداو دیجیتاڵ
خوێندکارێکی ئامێدی کە لە زانکۆی ئاکرێ دەخوێنێت، هەردوو قاچی لەکارکەوتوون و رۆژانە بە عەرەبانە دەچێتە زانکۆ. ئەو رژدە لەسەر خوێندنەکەی، بەڵام لەکاتی چوونی بۆ زانکۆ چەند ئاستەنگییەک دێنە پێشی.
ئوسامە خوێندکارێکی نیڤشکانە، لە زانکۆی ئاکرێ دەخوێنێت و لە بەشە نێوخۆییەکان دەمێنێتەوە؛ تەمەنی 23 ساڵە و لەدوای تەواوکردنی قۆناخی یەکەمی زانکۆ، بەهۆی رووداوێکەوە هەردوو قاچەکانی لەدەستداوە.
بە پێڵاوی تایبەت و گۆچانێکەوە، خۆی دەگەیێنێتە عەرەبانەکەی. رێگەی خولەکێک بۆ ئەو 10 خولەکە. هەر پلیکانەیەکی قادرمەکانیش بۆ ئەو وەکو گردێکە. ئەو کارەی ئێستا عەرەبانە کارەباییەکەی بۆی دەیکات، پێشتر هاوڕێکانی بۆی دەکرد و هاتووچۆیان پێدەکرد.
لەسەر شەقامەکانی قەزای ئاکرێ بە عەرەبانەکەی دووریی دوو کیلۆمەتر دەبڕێت تاوەکو دەگاتە زانکۆ. تاوەکو دەگاتە زانکۆ، تووشی ئاستەنگیی زۆر دەبێتەوە.
ئوسامە لە بەردەم ترافیکلایتێکی ئاکرێ لە نزیک زانکۆ وەستاوە و دەڵێت، "قورسترین شوێنی هاتووچۆیەکەم لە نێوان بەشە ناوخۆیی و زانکۆ، ئێرەیە، چونکە سێ ترافیکلایت لەسەر رێگە هەن و ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگریش هاتووچۆی پێدا دەکەن."
گەنجە نیڤشکانەکە خوێندکاری قۆناخی چوارەمی بەشی ئینگلیزییە لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی ئاکرێ. لەنێو زانکۆکەش هەندێجار ئاستەنگیی بۆ دروست دەبێت و پێویستی بە هاوکاریی هاوپۆل و هاوڕێکانی دەبێت.
گوندی سەعید، خوێندکار و هاوڕێی ئوسامەیە و دەڵێت، " هەموو قوتابییانمان ئاگادار کردوونەتەوە، بۆ ئەوەی کاتێک ئوسامە دێتە کۆلێژ و ئاستەنگیی بۆ دروست دەبێت، هاوکاریی بکەن."
فێربوونی زمانی ئینگلیزی خەونی منداڵییەتی، وێڕای دۆخە سەخت و دژوارەکەی، دەستبەرداری خەونەکەی نەبووە و دەیەوێت بە ئامانجەکەی بگات. زانکۆش دەڵێت، دۆخەکەی بەرچاو وەرگرتووە و ئەوەی لە توانایاندا بێت، درێخی ناکەن.
د. رەشاد ئاکرەیی، راگری کۆلێژی پەروەردەی ئاکرێ دەڵێت، "دوایین جار کە ئوسامەمان بینی، داوای کرد مەشق و راهێنانەکانی پەروەردەیی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بکات کە قەزای ئامێدییە. ئێمەش داواکارییەکەیمان بەجێگەیاند و وەکو کەیسێکی تایبەت مامەڵەی لەگەڵدا کرا."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ