رووداو دیجیتاڵ
هەشت یەکەی نیشتەجێبوون، 11 گوند و 42 کۆڵان لە گەڕەکەکانی غەرناتە، پەنجەعەلی و رەحیمئاوای کەرکووک، پرۆسەی گەمارۆسازییان بۆ نەکراوە و پرۆسەکەش تەواو بووە.
کەنعان عەبدولرەحمان، دانیشتووی یەکێک لەو یەکانەی نیشتەجێبوونە، کە گەمارۆسازی بۆ نەکراوە، دەڵێت "نامانەوێت لە پرۆسەی سەرژمێری، بێبەش بکرێن."
کەنعان لە گەڕەکەی خۆیانەوە بە رووداوی گوت، "ئێرە لەسەر نەخشە نەبووە و تەنیا زەوی بووە؛ ئێستا بووەتە یەکەی نیشتەجێبوون، بۆیە لە نەخشە کۆنەکە دا نەبووە. خەڵکی زۆر پەیوەندیمان پێوە دەکەن و داوای ناوتۆمارکردن دەکەن، لە سۆما ستی ژمارەیەکی زۆر ماڵ بێبەشکراون و دەبوو زیاد بکرێنە سەر گەمارۆسازییەکە."
گوندی سەقزلی بچووک، 50 ماڵ و باخ زیاترە، بەهەمان شێوە تائێستا تیمەکانی گەمارۆسازی سەردانی نەکردوون و لە پرۆسەی گەمارۆسازی بێ بەشکراون.
وریا ئەحمەد، دانیشتووی گوندەکە بە رووداوی گوت "تائێستا، ئێمە تیمەکانمان نەبینوە، سەیری دار و دەرگەی گوندەکە بکەن، هیچی لەسەر نەنووسراوە. ئەم گوندە لە ساڵی 2007ـەوە دروستکراوە، قوتابخانە، بنکەی تەندروستی، بیری ئاو و هەموو خزمەتگوزارییەکی تێدایە، بەلآم لەم گەمارۆسازییە بێ بەشکراوە، داوادەکەین مافمان نەخورێت."
فەرمانگەی سەرژمێریی کەرکووک، بە چەند نووسراوێک داوای لە بەغدا کردووە، رێگەیان پێبدەن رووبەری هەندێک ناوچەی سنووری کەرکووک فراوان بکەن، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.
مستەفا ئەکرەم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی سەرژمێریی کەرکووک دەڵێ "سیستەمێک هەیە لە ئامێری دیوارکوتان، هەر گەڕەکێک تەواو دەبێت لە بەغدا هێمایەکی سەوز دەدات، واتا ئەم ناوچانە تەواو بوون، هەندێک شوێن هەن ماڵ و خانووی نوێیان تێدایە و لە نەخشە دا زیاد نەکراون، ئێمە چەند نووسراوێکمان بۆ بەغدا کردووە بەتایبەتی بەو ناوچانەی دامانخستوون جا بە هەڵە بێت یاخود نا."
ئەمە لەکاتێکدایە، تیمەکانی گەمارۆسازی کۆتاییهاتنی پرۆسەی گەمارۆسازییان لە پارێزگای کەرکووک بەڕێژەی 100٪ راگەیاندووە و، سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ پرۆسەی سەرژمێری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ