رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر رایگەیاند، نزیکەی 7 مانگە لە هەولێر بانگدانی مەرکەزی دەستیپێکردووە. "پڕۆژەکە فراونتر دەکەین و هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە." بەڕێوەبەری ئەوقافی راپەرینیش دەڵێت، "لە مزگەوتەکانی پشدەر 50٪ی کارەکانی بانگدانی مەرکەزی تەواو بووە."
لە هەرێمی کوردستان دا 6,150 مزگەوت هەن. لە پڕۆژەی بانگدانی مەرکەزی، هەر شارێک ستۆدیۆیەکی تایبەت بەخۆی دەبێت، ئەو مەلایانەی کە هەڵبژێردراون، راهێنانی تایبەتی دەنگیان پێکراوە و دەنگیان خۆشە، لە ستۆدیۆکان بە شێوازێکی راستەوخۆ بانگ دەدەن، لە یەک کاتدا دەگوازرێتەوە بۆ هەموو مزگەوتەکانی ئەو شارە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3 تشرینی دووەم، نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر و گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 17-4-2024ـەوە، بانگدانی مەرکەزی لە پارێزگای هەولێر دەستیپێکردووە، کارەکانی 100٪ لە پارێزگای هەولێر تەواو بووە."
بەڕێوەبەری ئەوقافی هەولێر گوتی: "پڕۆژەی بانگدانی مەرکەزی فراونتر دەکەین و هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە پارێزگای سلێمانیش دەستکراوە بە پڕۆژەکە و 50٪ی کارەکانی تەواو بووە. دوای ئەو لە پارێزگاکانی دهۆک و هەڵەبجەش دەستدەکرێت بە پڕۆژەکە."
هەروەها ئیبراهیم عەبدولباقی، بەڕێوەبەری ئەوقافی راپەڕین بە رووداوی گوت: "لە مزگەوتەکانی پشدەر دەستکراوە بە پڕۆژەی بانگدانی مەرکەزی، 50٪ی کارەکانی تەواو بووە."
گوتیشی: "لە بانگدانی مەرکەزیدا هەموو مزگەوتەکان لە یەک کات و بە یەک دەنگ بانگی لێدەدرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ