سبەی بایۆمەتریی مامۆستایانی گرێبەست دەستپێدەکاتەوە

03-11-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، سبەی لە بانکەکان بایۆمەتری بۆ مامۆستایانی گرێبەست دەستپێدەکاتەوە. گوتیشی، "ژمێریاری پەروەردەکان وردبینیی لیستی شایستە داراییەکانی مانگەکانی 7-8یان تەواوکردووە".
 
23-10-2024، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بایۆمەتریی مامۆستایانی گرێبەست بە شێوەیەکی کاتی راگیراوە، بەهۆی ئەوەی ئێستا گوشار لەسەر بانکەکان هەیە، چونکە بایۆمەتریی خانەنشینان رایی دەکەن".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 3 تشرینی یەکەم، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی وانەبێژان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سبەی دووشەممەوە، بایۆمەتری (UPN)ـی مامۆستایانی گرێبەست لە بانکەکان بە فەرمی دەستپێدەکاتەوە، بۆ ئەوانەی بایۆمەترییان نەکردووە".
 
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی مانگەکانی 7-8، کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، "پێکەوە دابەش دەکرێت، ژمێریاری پەروەردەکان وردبینییان تەواوکردووە، چاوەرێن وەزارەتی دارایی رەزامەندی بدات تاوەکو بکرێت بە چەک و دابەش بکرێت".
 
27-10-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی سەبارەت بە کۆدی بایۆمەتریی مووچەخۆران بڵاوکردەوە رایگەیاند، "هەر کەسێک مووچەخۆری حکومەتی هەرێم بێت و تاوەکو 20-11-2024 کۆدی بایۆمەتریی نەبێت، لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵەوە مووچەکەی رادەگیرێت و خۆی بەرپرسیار دەبێت".
 
25ـی ئابی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست.
 
لە 2ـی تشرینی یەکەمی 2024، رێکارەکانی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ لە پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستیانپێکرد، 7ـی تشرینی دووەم، رێکارەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانیش دەستیانپێکرد.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 38 هەزار وانەبێژ بوو، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینار بوو. بەڵام دوای بە گرێبەستکردنیان، مانگانە پێویستیان بە نزیکەی 18 ملیار و 200 ملیۆن دینار دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە