رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ ئەنجامی وەرگیرانی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان رادەگەیێندرێت.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمڕۆ (یەکشەممە، 3-11-2024) کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2024 - 2025 رادەگەیێنین."
بەگوتەی عەباس ئەکرەم، لە 10ـی ئەم مانگەوە و دوای رێکارە کارگێڕییەکانی وەرگرتنی قوتابیان، خوێندنی قۆناخی یەکەم دەستپێدەکات.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاندووە، دوای راگەیاندنی ئەنجامەکان، وەرگیراوان دەبێت راستەوخۆ پەیوەندی بە زانکۆکانیانەوە بکەن.
بەگوێرەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، 47 هەزار و 788 خوێندکار لە پۆلی 12 دەرچووبوون؛ 30 هەزار و 661 قوتابی بەشی زانستی، 15 هەزار و 716 قوتابی بەشی وێژەیی، 159 قوتابی خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 1250 قوتابی پیشەیی.
لەو ژمارەیە 37 هەزار و 290 قوتابی لە دەرچووانی 2023 داواکارییان پێشکێشکرد؛ 2598 قوتابی دەرچووانی ساڵی 2022 بوون؛ 6882 قوتابی دیکەش ساڵانی پێشووتر دەرچووبوون و داواکارییان پێشکێشکردووە.
عەباس ئەکرەم دەڵێت، بەگوێرەی نمرەی دەرچووان، دەرفەتی خوێندن بۆ هەموو ئەوانە دەڕەخسێندرێت کە زانکۆلاینیان پڕکردووەتەوە.
لە کۆی هەموو ئەوانەی داواکارییان پێشکێشکردبوو، ساڵی رابردوو 42 هەزار و 985 قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ