رووداو دیجیتاڵ
بۆریی ئاوی ئیفراز سێی هەولێر شکایەوە و بەهۆیەوە دابەشکردنی ئاو بۆ 40%ـی دانیشتووانی هەولێر راگیراوە.
ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆرییەکە جۆری فایبەر گڵاسە و لە ناو عەینکاوەدا شکاوە."
بەڕێوەبەری ئیفراز سێ گوتی، هەر ئەمڕۆ تیمەکانی چاککردنەوە بۆرییەکە چاک دەکەنەوە. گوتیشی، "بۆ دابەشکردنەوەی ئاو و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە 48 کاژێرمان پێویستە."
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنوورەکە دابین دەکەن. تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی نزیکەی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە کە دەکاتە 40%ـی دانیشتووانی شارەکە.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. بە گوتەی بەڕێوەبەری ئیفراز سێ، 50%ـی دانیشتووانی هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
هەولێر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی هەیە، ئیفراز یەک کە ساڵی 1967 دروستکراوە، ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێ ساڵی 2007 کەوتووەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ