رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت بەکارنەهێنانى قەڵەمى تایبەتى دەنگدانى کۆمیسیۆن، کاخەزى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پووچەڵ دەکاتەوە. لە دەنگدانى تایبەتیش، دەنگدەر بازنەی خۆی دەستنیشان نەکات دەنگەکەى دەفەوتێت.
پێنجشەممە، 03.10.2024، داود سلێمان، بەرپرسی هۆبەى رێکارەکان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەگەر کاخەزى دەنگدان هیچ نیشانەیەکى پێوە نەبێت کە ئاماژەبێت بە دەنگدان بە لیست یان بەربژێر یاخود زیاتر لە نیشانێک درابوو، دەنگەکە بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت.
بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، پێنج جۆر کاخەزى دەنگدان چاپ دەکات، چواریان تایبەتن بە هەر چوار بازنەى هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە لەگەڵ کاخەزى دەنگدانى تایبەت کە تێیدا جگە لە بژاردەى لیست و بەربژێر، بژاردەى ئەو بازنەیەى تێدایە کە شوێنى نیشتەجێبوونى دەنگدەرە تایبەتەکەیە.
18ى تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت، یەکەم جارە ئەو هەڵبژاردنە بە سیستمى ئەلیکترۆنى بکرێت.
داود سلێمان گوتى: "ئەگەر لە کاخەزى دەنگدانى تایبەت دا، لیست یان بەربژێرێک هەڵبژێردرێت کە بازنەى دەنگدەرەکە نەبێت، ئەو دەنگە بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت".
یەکێک لەو هەنگاوانەى دیکە کە کاخەزى دەنگدان پووچەڵ دەکاتەوە، ئەوەیە کە بەربژێرى لیستێک هەڵببژێردرێت بەبێ ئەوەى خودى لیستەکەى هەڵبژاردبێت.
بەرپرسی هۆبەى رێکارەکان لە کۆمیسیۆن رایگەیاند، ئەگەر جگە لە قەڵەمى تایبەتى دەنگدان بە قەڵەمێکى دیکە کاخەزى دەنگدان نیشانە بکرێت، ئەوکات دەنگەکە بە پووچەڵ هەژمار دەکرێت و ئامێرى ئەلیکترۆنى سندووقى دەنگدان نایخوێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ