رووداو - کەرکووک
بڕیارێکی سوپای عێراق زۆرینەی دانیشتووانی گوندی گابەرەکە لە سنووری سەرگەڕان ناچار بە چۆڵکردنی گوندەکەیان دەکات. پێشتر 50 ماڵ لەو گوندەدا هەبوون، بەڵام ئێستا تەنیا سێ ماڵ ماونەتەوە. جووتیارێک دەڵێت، هیچ کات وەکو ئێستا دۆخیان خراپ نەبووە و سوپا رێگە نادات تراکتۆر بە بەتاڵیش بسووڕێتەوە.
بژێویی ژیانی دانیشتووانی گابەرەکە لەسەر کشتوکاڵە، بەڵام قەدەخەکردنی کشتوکاڵ و رێگریکردن لە مەڕداری لە لایەن سوپای عێراقەوە، کاریگەری لەسەر دانیشتووانی 5 گوندی سنووری سەرگەڕان لە کەرکووک دروستکردووە و بەشێکیان گوندەکانیان چۆڵکردووە. لە گوندی گابەرەکەی سەرگەڕان هەموو کەرەستە کشتوکاڵییەکان پەکخراون و تاک و تەرا هاتووچۆی خەڵک لەنێو گوندەکەدا دەبینرێت.
بەدرەدین شەمسەدین، جووتیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "من خەڵکی گوندی گابەرەکەم، هۆکاری چۆڵبوونی ئەم گوندە بۆ ئەو رێگرییانە دەگەڕێتەوە کە لە کاری کشتوکاڵی دەکرێت، ئەگەر کار و کشتوکاڵ نەبێت، خەڵک چی دەکات لێرە؟! من ئێستا هاتوومەتەوە بۆ گوندەکە، سوپا کەوتووەتە شوێنم، دەڵێن: کوا رێگەپێدانی ئەو کەرەستانە. پێمگوتن کەرەستەی کۆنی ماڵی خۆمە، کەچی دەڵێت بەبێ مۆڵەت رێگەت پێنادرێت."
ئەگەرچی بەپێی بڕیاری 29ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نزیکەی 424 گرێبەستی عەرەبی هاوردە هەڵوەشێندراوەتەوە، بەڵام هێشتا سوپا سوورە لەسەر ئەوەی لە گوندەکانی پەلکانە و گابەرەکان، شەناغە، سەربەشاخ و خەرابە، جووتیارانی کورد کاری کشتوکاڵی نەکەن.
دلێر ئەحمەد، دانیشتووی گوندی گابەرەکە دەڵێت، "لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە وامان لێهاتووە، دەڵێین ساڵ بە ساڵ خۆزگەمان بە ساڵی پار، ئەو پەندە رێک بۆ دۆخی ئێمە گوتراوە، ئێستا ئێمە لە هەموو کاتێکی دیکە دۆخمان خراپترە، تەنانەت رێگە نادەن تراکتۆرێک بە بەتاڵی بڕوات و بجووڵێت، رێک دەستی بەسەردا دەگرن، بەڕاستی خەڵک لێرە ژیانی نەماوە و دەتوانم بڵێم خەڵکێکی زۆر ئێرەی جێهێشتووە، چونکە نەیتوانیوە بەرگەی ئەم ژیانە بگرێت."
بڕیارەکە لەلایەن فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپای عێراقەوە دەرکراوە، هەر جووتیارێکی کورد سەرپێچیی بڕیارەکە بکات، دەستگیر دەکرێت و دەستبەسەر کەرەستە کشتوکاڵیەکەیدا دەگیرێت.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە رووداوی راگەیاند، "خەڵکی ئێمە بەنیازی خۆپێشاندانێکی گەورەیە، چونکە ئەم دۆخە قبووڵ ناکرێت، ئێمە نووسراوی بڕیاری 29مان هەیە کە پێداگیری لەسەر کارکردنی ئێمە دەکات، وەزارەتی بەرگری نووسراوی کردووە بۆ فەرماندەی سوپا لە کەرکووک و فەرماندەی فیرقەی هەشت و دەڵێت 'رێگری لە کاری کشتوکاڵی ئەو خەڵکە مەکەن'، کەچی لێرە کار بەو نووسراوانە ناکرێت."
ئێستا کە وەرزی تۆوکردنە، هێزێکی زۆری فیرقەی هەشتی سوپای عێراق بەسەر زەویی جووتیارانی کورد دەسووڕێنەوە و رێگەنادەن هیچ جووتیارێک تۆو بکات و لە کاژێری حەوتی ئێوارەشەوە هاتووچۆ لەنێوان گوندەکانی سەرگەڕان قەدەخە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ