رووداو دیجیتاڵ
نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ دەڵێ، هەرچەندە بڕیاربوو هەفتەی داهاتوو مووچەی وانەبێژان دابەشبکرێت، بەڵام کاتەکەی پێشخراوە.
عەلی رەئووف، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، رۆژی دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی شایستەی دارایی مانگی 5ـی وانەبێژانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دابەش دەکرێت.
لەبارەی وانەبێژانی هەولێر و دهۆکێشەوە عەلی رەئووف گوتی: "لە هەوڵداین بە زووترین کات دابەش بکرێت".
25ـی ئاب، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست. عەلی رەئووف گوتی، "رێکارەکانی بەگرێبەستبوون تاوەکو 25ـی ئەیلوول دەخایێنێت. بۆیە دەبێت مووچەی مانگی 10 وەکو گرێبەست وەربگرین".
کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان 400 هەزار، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت.
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار و 543 وانەبێژن، بڕی بودجەی پێویست بۆ شایستە داراییەکانیان نزیکەی 13 ملیار و 700 ملیۆن دینارە.
ئەگەر وانەبێژان وەکو گرێبەست دابنرێن، مانگانە پێویستیان بە 18 ملیار دینار دەبێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، 02ـی ئەیلوول، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەمموزی راگەیاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ