رووداو دیجیتاڵ
دوای شەش ساڵ لە حوکمەکەی، ئەمڕۆ مەلا ئیسماعیل سووسەیی ئازاد کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەشدار حەسەن، پارێزەری مەلا ئیسماعیل سووسەیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمرۆ بە لێبووردنێکی تایبەت ئیسماعیل سووسەیی لە زیندان ئازاد کرا.
مەلا ئیسماعیل سووسەیی 12 ساڵ زیندان حوکمدرا بوو، شەش ساڵی تەواو کردووە و شەشی دیکەی مابوو.
ئیسماعیل سووسەیی دوای ئازادبوونی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم بە وشەیەک و دووعایەکی خێر هاوبەشمان بوون".
سووسەیی گوتیشی، "سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم، لەسەر داوای کەسانێکی دۆست و خێزانەکەمان بڕیاری لێبووردنی تایبەتی دەرکرد".
لە مانگی 09 و مانگی 10ـی ساڵی 2019دا، دادگەی تاوانی دووی هەولێر لە دوو دۆسیە، دوو جار مەلا ئیسماعیل سووسەیی سزا دا.
رۆژی 15/9/2019 مەلا ئیسماعیل برایە بەردەم دادوەر و سێ تۆمەتی رووبەڕوو كرایەوە كە یەكێكیان تایبەت بوو بە هەڵگرتن و دروستكردن و بەكارهێنانی تەقەمەنی، لەوەیاندا بێ تاوان دەرچوو. دووەمیان بەیعەتدان بوو بە داعش، لەوەیاندا تۆمەتەكەی بەسەردا ساخ ببووەوە و بە شەش ساڵ بەندكردن سزا درابوو.
هەروەها رۆژی 30/9/2019 لە دادگای تاوانی دووی هەولێر دانیشتنێكی دادگایی مەلا ئیسماعیل سووسەیی لەسەر دۆسیەی هێرشكردنە سەر بینای پارێزگای هەولێر لە رۆژی 23/7/2018 بەڕێوەچوو بە شەش ساڵ زیندانی حوکمدرا.
پێش سزادانەکە، ئاسایش دانپێدانانی دوو كەسی بە ناوەكانی محەممەد جەبار و محەممەد شێرزاد بڵاوكردەوە كە مەلا ئیسماعیل سووسەییان بە پلانداڕێژەری هێرشەكەی سەر پارێزگای هەولێر تۆمەتبار دەكرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە لە رۆژی 2/8/2018 بڵاویانكردەوە، "هاندەر و هۆكاری پێشوەختەی پەلامارە تیرۆریستیەكەی سەر بینای پارێزگای هەولێر لە 23/7/2018 مەلا ئیسماعیل سووسەیی بووە و چەك و پارە و پێداویستی بۆ گرووپی ئەنجامدەری كردە تیرۆریستیەكەی سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر دابین كردووە كە لە پێنج كەس بەناوەكانی عەبدولڕەحمان رەحیم قادر، بیلال سلێمان عەبدولڕەحمان، رەهێل محەممەد رۆستەم ناسراو بە عەلی، محەممەد جەبار و محەممەد شێرزاد پێكهاتبوون، سێ كەس لە هێرشبەرەكان كوژران و دووانیشیان دەستگیركران."
هەر بەپێی راگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، "مەلا ئیسماعیل سووسەیی لە 3/7/2018 بە بڕیاری دادوەر و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێرەوە، بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیركراوە و دەست بەسەر چەك و جبەخانەكەیدا گیراوە."
هەر بەگوێرەی ئەو راگەیێنراوە "مەلا ئیسماعیل سووسەیی لە ساڵی 2014ـەوە پەیوەندی بە داعشەوە كردووە و دوو جار بەیعەتی داوە، تۆماری دەنگی بۆ سەركردەكانی داعش ناردووە و زانیاریی هەواڵگری لەسەر هێزەكانی پێشمەرگە داوەتە داعش."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ