رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانییی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە راگەیێندراوێکدا داوا دەکات "دەستبەجێ" کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانی دێرەزوور بهێندرێت و پاڵپشتیی خۆی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دووپات دەکاتەوە.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەڵێت، ناسەقامگرییی ناوچەکە بەهۆی گرژییەکانی ئەمدواییەوە، "بووەتە هۆی گیانلەدەستدانێکی تراژیدی و ناپێویست. زۆر گرنگە هەموو سەرکردە لۆکاڵییەکان لەبەردەم هەژموونی لایەنە نەگریسەکان بوەستنەوە کە بەڵێنی پاداشتی زۆر دەدەن، بەڵام تەنیا نەهامەتی بۆ خەڵکی ناوچەکە دێنن."
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، هاوکات دەشڵێت، ئەو بارودۆخە خزمەت بە سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکەدا دەکات.
دەشڵێت، " لەکاتێکدا لە پاڵپشتیکردنی هەسەدە بەردەوامین، هانی هەموو لایەنەکان دەدەین شەڕ بوەستێنن بۆ ئەوەی بگەنە رێگەچارەیەک کە رێگەمان پێبدات سەرنج بخەینە سەر ئامانجە هاوبەشەکەمان کە لەنێوبردنی داعشە."
شەڕەکەی دێرەزوور لەدوای ئەوە هات، دووشەممەی رابردوو، 28ـی ئەیلوولی 2023، هەسەدە ئەحمەد خبێل ناسراو بە ئەبو خەولە سەرۆکی ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزووری دەستبەسەر کرد. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی چەکدارانی ئەنجوومەنەکە هێرش بکەنە سەر چەند بنکەیەکی هەسەدە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، تاوەکو ئێستا، لانیکەم، 54 کەس گیانیان لەدەستداوە کە شەشیان منداڵ بوون.
رۆژی هەینی، 1ـی ئەیلوولی 2023، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە راگەیێندراوێکدا داوای لە هەسەدە و ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور کرد، بەشێوەیەکی ئاشتییانە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و گوتی: "ئەمریکا جەخت لە گرنگیدان بە کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلی سووریا دەکاتەوە، لەوانەش جەختکردنەوە لە دەستەبەرکردنی شکستی هەمیشەیی داعش لەرێگەی هاوبەشیکردن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات".
ئەنجوومەنی سەربازیی دێرەزوور یەکێکە لە گرووپە سەربازییە عەرەبییەکان و بەشێکن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات، هێزەکە ئاسایشی ناوچەکانی پارێزگای دێرەزوور دەپارێزێت، کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی عەرەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ