رووداو دیجیتاڵ
لە زانکۆی کوردستان لە هەولێر ئەمڕۆ رێوڕەسمی یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی سازکرا، تێیدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد.
10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2800 کوردی ئێزدیی رفێندراو لەلایەن ئەو رێکخراوە پەڕگیرەوە بێسەروشوێنن؛ هەروەها لە 119 گۆڕی بەکۆمەڵ تەنیا 50 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە و زیاتر لە نیوەی رووفاتەکانیش لە بەغدان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، "تاهەتایە ئەو ئازارە لەبیرناچێتەوە." جەختی لەوەش کردەوە کە دەبێت چارەنووسی رفێندراوان ئاشکرا بکرێت و گوتی: "دڵنیاتان دەکەینەوە تاوەکو تاقە رفێندراوێک مابێت کار دەکەین بۆ رزگارکردنیان."
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی ئەو هێزە نایاساییانەی کرد کە لە شنگالن و گوتی، "پەکەکە و ههر هێزێكى ناياسايى دهبێت شنگال جێبهێڵن، تاوەكو ههمووان پێكهوه بتوانن ئاسايش، ژيان، ئاوهدانى، ئومێد و هيوا بگێڕينهوه بۆ شنگال."
میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان لە یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی، سوپاسی بەرپرسان و گەلی هەرێمی کوردستانی کرد: "ئەوە لەیاد ناکەین کاتێک دەرگەی ماڵ، مزگەوت، کەنیسە و قوتابخانەکانیان بەڕووی ئاوارەکان کردەوە؛ هەروەها لە سەختترین دۆخدا هەموو پێداویستییە سەرەکییەکانی ئاوارەکانیان دابینکرد."
لە 3ـی ئابی 2014 رێکخراوى داعش هێرشی کردە سەر قەزاى شنگال و بەهۆیەوە 48 هەزار خێزانى کوردى ئێزدى لەو قەزایە ئاوارە بوون؛ زۆرینەیان پەنایان بردە بەر شارەکانی هەرێمى کوردستان. رێکخراوی داعش کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە شنگال ئەنجامدا و هەزاران کوردی ئێزدیشی رفاند.