رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی گوێڕەوە تاوەکو سایلۆکانی مەخموور، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری پڕ لە بەرهەمی گەنمی جووتیاران وەستاون و لە نۆرەی رادەستکردنی گەنمەکەدان.
جووتیاران، دەبێت زیاتر لە 15 رۆژ نۆرە بگرن تاوەکو دەتوانن گەنمەکانیان رادەستی سایلۆی مەخموور بکەن.
یەکێک لە گرفتە گەورەکانی بەردەم جووتیارانی کورد و عەرەبیش، نۆرە درێژەکەیە کە لە گوێڕەوە دەستپێدەکات تاوەکو سایلۆی مەخموور، درێژیی رێگەکە 21.6 کیلۆمەترە و هەمووی بارهەڵگرە کە لە نۆرەدا وەستاون.
جووتیاران، ئەوانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە باسی ئەوە دەکەن، یەکێک لە هۆکارەکانی درێژیی نۆرەگرتنەکە، گەندەڵییە "واستە و پارەدان هەیە؛ هەرکەسێک لە ژوورەوەی سایلۆ 1000 بۆ 1400 دۆلار بدات، کارەکەی بۆ جێبەجێ دەکەن."
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەڵێ، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 500 هەزار تۆنە.
سایلۆی مەخموور، سێ ناحیە و 83 گوندی لەسەرە و رۆژانە نزیکەی 100 بارهەڵگر گەنم وەردەگرێت. جووتیاران لە مامەڵەی سایلۆکە ناڕازین و دەڵێن، 40%ـی گەنمەکانیان رەتدەکرێتەوە و ماندووبوونیان بەهەدەر دەچێت.
لە سایلۆی مەخموور، تۆنی گەنمی نمرە یەک بە 825 هەزار دینار وەردەگیرێت، لەبارەی گلەییەکانی جووتیارانیشەوە سایلۆکە دەڵێت، "رێنوێنییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق جێبەجێ دەکەین و مافی لێدوانمان نییە."