رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵی ئیتاڵیا دەڵێت، بەر لەوەی بڕوات حەز دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
میکیلی کامێرۆتا، کۆنسوڵی ئیتاڵیا لە هەولێر لە رۆژی کۆماریی وڵاتەکەی لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارێک هیوای خواست ئەم ساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت.
کامێرۆتا لە ئەیلوولی 2021ـەوە وەکو کۆنسوڵی ئیتاڵیا دەستبەکار بووە و "لە چەند مانگی داهاتوودا" هەرێمی کوردستان جێدەهێڵێت.
هەروەها ماوریزیۆ گریگانتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق گوتارێکی پێشکێش کرد و پشتگیریی خۆی بۆ گوتەکانی کامێرۆتا دووپاتکردەوە و هیوای خواست "بە زوویی" هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
میکیلی کامێرۆتا گوتی، ئیتاڵیا باوەڕی بە "هێزی نەرم" هەیە. جەختیشی کردەوە، لە چوارچێوەی چالاکیی کولتووری، پەروەردە، گەشتیاری و شوێنەوار هەوڵی قوڵبوونەوەی پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان داوە.
کۆنسوڵی ئیتاڵیا ئاماژەی بە کردنەوەی کۆرسی 'کوزین' بۆ 30 هاونیشتمانی کرد، تێیدا فێرخوازان فێری ئامادەکردنی خواردنی ئیتاڵی دەکرێن، لەنێویاندا پیتزا، پاستا و شیرنەمەنی.
لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی پەروەردەیی، کۆنسوڵی ئیتاڵیا ستایشی ئەو کۆرسی زمانەی کرد کە تێیدا فێرخوزان فێری زمانی ئیتاڵی دەکرێن.
میکیلی کامێرۆتا باسی لەوەش کرد، هەفتەی داهاتوو کاتێکی گرنگە بۆ ئەورووپا، لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا هەیە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا دەکرێت و ئەورووپییەکان دەڕۆن دەنگ دەدەن و دامەزراوەی نوێ پێکدەهێنن، ئەمەش لە کاتێکی پڕ ئاڵنگاریدا.
ئیتاڵیا ئەندامێکی چالاکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشە. کۆنسوڵی ئیتاڵیا پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەش دووپاتکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ