لە قەڵادزێ بەهۆی لێچوونی گاز لە بووتڵێکی کلۆر گوندێک چۆڵکراوە

04-05-2024
ئەبوبەکر ئیسماعیل
پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ. وێنە: رووداو
پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - قەڵادزێ

لە پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ، بەهۆی لێچوونی گاز لە بووتڵێکی کلۆر لە پرۆژەکە، بەرەبەیانی رۆژی هەینی عەبدوڵڵا بابەکری تەمەن 53 ساڵ کە پیشەی پۆلیس بووە گیانی لەدەستدا، پۆلیسێکی دیکەش بەهۆی هەناسە تەنگییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی قەڵادزێ کراوە.
 
رەسوڵ مەحموود، شایەتحاڵ دەڵێت، "خۆم تەنگەنەفەس بووم، نازانم لە ترسان بوو یان بەهۆی هیلاکی و گازەکەوە بوو، هەرچۆنێک بوو ماڵاتەکەم رزگار کرد، ئێستاش مەترسیمان لەسەرە."
 
دوانیوەڕۆی چوارشەممە لەکاتی هێنانی کلۆر بۆ پڕۆژەکە، بووتڵێک لێی دەچێت، لەو رۆژەوە بەهۆی مەترسییەکانی گازی کلۆرەکە کارمەندانی پرۆژەکە نێردراونەتەوە ماڵەوە، خاوەن باخ و گوندەکانی دەوروبەریشی ئاگادارکراونەتەوە کە نزیک پرۆژەکە نەکەونەوە.
 
سالار مەحموود، دانیشتووی گوندی بنەوشان ئاماژە بەوە دەکات، "چەند هاونیشتمانییەکی گوندەکەی ئێمە داخلی نەخۆشخانە کراون، ئێستا تەندروستییان باشە، بەهۆی مەترسیی گازەکەوە گوندەکەمان چۆڵ کراوە."
 
کێشی بوتڵەکە تۆنێکە، بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی، خراوەتە نێو حەوزێکی پڕ لە ئاو کە تایبەتە بە لێچوونی بوتڵی گاز، تاوەکو بەتاڵبوونیشی ناتوانرێت کار لەسەر وەستانی گازی کلۆرەکە بکرێت.
 
مارف مەحموود، بەڕێوەبەری پرۆژەی ئاوی خاس رایگەیاند، "گازەکە مەترسیی لەسەر ئاوی خواردنەوەی پرۆژەکە نییە، چونکە ئەو بووتڵە کە گازەکەی لێدەچێت، ئەو بووتڵە نییە کە ئێستا کلۆر بۆ پرۆژەکە دابین دەکات، بەڵام کاریگەریی گازەکە هۆکارە بۆ وەستانی کارکردن لە پڕۆژەکە."
 
پڕۆژەی ئاوی خاس لەسەر زێی بچووک لە قەڵادزێ دروستکراوە، ئاو بۆ نزیکەی 18 هەزار هاوبەش دابین دەکات.
 
بووتڵەکە زیاتر لە 800 کیلۆ کلۆری تێدایە، بەرگریی شارستانیی راپەڕین دەڵێت، بۆ بەتاڵبوونی هەموو گازەکە دوو بۆ سێ رۆژی دیکەی پێویستە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە