لە دوو رۆژی رەمەزاندا بەهۆی سەرپێچێی 54 فرۆشگە سزادراون

03-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لایەنی پەیوەندیدار دەڵێن، لە دوو رۆژی رەمەزاندا چاودێرییان لە بازاڕ چڕکردووەتەوە و بەهۆی سەرپێچییەوە لە هەولێر 36 شوێن و لە سلێمانیش 18 شوێن سزادراون. لە دهۆک و هەڵەبجەش ژمارەیەک فرۆشگە هۆشدارییان پێدراوە. 
 
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر، ئەمڕۆ (دووشەممە، 03-03-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە دوو رۆژی رەمەزاندا لەپێناو تەندروستیی هاونیشتمانیان و رێگریکردن لە گرانکردنی شتومەک لەم مانگەدا،  چاودێریی لیژنەکانمان چڕتر کردووە." 
 
لەبارەی ئەو شوێنانەی لەو دوو رۆژەدا سزادراون هۆگر عەلی گوتی، "34 بە پێبژاردن سزادراون و دوو شوێنیش داخراون، زۆربەشی بەهۆی گرانیی نرخەوە بووە." 
 
هەر فرۆشگەیەک داشکاندن لە نرخدا بکات، دەبێت چاودێریی بازرگانی ئاگادار بکاتەوە. هۆگر عەلی دەڵێت "لیژنە دەنێرین بۆ ئەو شوێنانەی داشکاندن دەکەن، لێکۆڵینەوە دەکرێت و ئەگەر داشکاندنەکە راستەقینە بێت، بە فەرمی سوپاسنامە پێشکێشی شوێنەکە دەکەین، ئامانجمان پشتیوانی و هاندانە لەبەرژەوەندیی هاونیشتمانیان".
 
هەروەها بڵند ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت "لە رەمەزاندا لیژنەکانمان شەو و رۆژ دەگەڕێن، داخستنمان کردووە بە دوایین بژاردە، بەڵام بەهۆی سەرپێچییەوە ژمارەیەک فرۆشگە سزا دراون." 
 
بەگوتەی بڵند ئەحمەد، لە سلێمانی لە دوو رۆژی رابردوودا 18 شوێن بووە سزادراون کە پسووڵەیان بۆ کراوە، هاوکات 20 فرۆشگە ئاگادارکراونەتەوە تاوەکو کەموکورتییەکانیان چارەسەر بکەن.
 
هەر ئەمڕۆ میلەت زیکری، سەرۆکی لیژنەی چاودێریی بازاڕ لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لیژنەکانمان بەردەوامن لە گەڕان، بەڵام چونکە سەرەتای رەمەزانە، سزادانمان نەبووە جگە لە هۆشداری." 
 
قایمقامییەتی هەڵەبجە لەبارەی هەمان پرس لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ؛ لیژنەکانیان بۆ دڵنیابوونەوە لە خواردن و خواردنەوانەی بازاڕ، بەردەوامن لە گەڕان و پشکنین و کاسبکارانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە "نرخ بەرزنەکەنەوە، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە." 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە