لە بەشێکی گەڕەکەکانی کەرکووک رۆژانە 6 بۆ 8 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە

03-03-2025
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
دۆخی کارەبای کەرکووک
دۆخی کارەبای کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە بەشێک لە گەڕەکەکانی کەرکووک رۆژانە 6 بۆ 8 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە و بەشەکەی دیکەش بەدرێژایی رۆژ کارەبایان نییە، خاوەن موەلیدەیەکی ئەهلی دەڵێت: "رەنگە نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە بگاتە 25 هەزار."

ئەم پیاوە لەگەڕەکی کوردستان بە دوو مولیدەی ئەهلی، لە ماوەی 24 کاژێر دا 16 کاژێر کارەبای مولیدە دەدات و نرخی یەک ئەمپێر کارەباش 13 هەزار و 500 دینارە.
 
رەمەزان ئیبراهیم، خاوەن مولیدەی ئەهلییە و بە رووداوی گوت: "لە ماوەی 24 کاژێردا 16 کاژێر کارەبام داوە، هەر ئەمپێرێک بە 13 هەزار و 500 دینارە و خەڵک هاواری لێهەستاوە، جا ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت و کارەبای نیشتیمانی نەبێت، ئەم مانگە ئەمپێری دەگاتە 25 هەزار دینار، کارەبای نیشتیمانی هەر نییە، کاژێرێک کارەبا دەدات، 20 جار دێت و دەبڕێت."
 
کەمی کارەبای نیشتمانی و گرانبوونی نرخی کارەبای مولیدەی ئەهلی ماوەی سێ مانگە دانیشتووانی کەرکووکی نیگەران کردووە و تائێستا چارەسەرێکی روون بەدینەکراوە.
 
دانیاڵ هەمەوەندی، جێگری بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "رۆژانە 8 تاوەکو 9 کاژێر دەتوانین کارەبا دابەش بکەین، لەوە زیاتر توانامان نییە کارەبا بدەین و ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە، کێشەکە هەموو عێراقی گرتووەتەوە و لە زستاندا لۆدی زۆرمان لەسەر دەبێت بۆیە ناتوانین لەوە زیاتر دابەش بکەین."
 
ئیدارەی کەرکووک سیستمێکی نوێ بۆ کارپێکردنی مولیدە ئەهلییەکانی داناوە، بە جۆرێک رۆژانە 16 کاژێر کارەبا بدەن، چوار کاژێر پشوو بدەن و چوار کاژێرەکەی دیکەش کارەبای نیشتمانی دابەش بکرێت.  
 
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەوبارەیەوە دەڵێت: "لەگەڵ بەڕێز وەزیری کارەبا قسەمان کردووە و پێمان گووت ناکرێت شاری کەرکووک لەم دۆخەدا بێت، ئێمە دڵنیایی بە خەڵکی خۆمان دەدەین کە وەکو نوێنەری ئەوان بەهیچ جۆرێک بێ دەنگ نابیت و سبەی کۆبوونەوەی لەسەر دەکەین و ئومێدمان هەیە گۆڕانکاری بەسەردا بێت."
 
ئێستا کەرکووک 800 مێگاوات کارەبای هەیە، بۆ ئەوەی رۆژانە زیاتر لە 20 کاژێر کارەبای نیشتمانی دابەشبکات، پێویستی بە 1600 مێگاوات کارەبا هەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە