رووداو دیجیتاڵ
لە عێراق و هەرێمی کوردستان دۆسیەی بریکارەکانی خۆراک دەکرێتە ئەلیکترۆنی. بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوولەی خۆراكی هەولێر دەڵێت، دوای بە ئەلیکترۆنیکردنی دۆسێیەی بریکارەکان، فۆڕمی خۆراکیش دەکرێتە ئەلیکترۆنی.
سیامەند قادر نانەكەلی، بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر، رۆژی دووشەممە، 03-03-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ دۆسیەی بریکارەکان کاخەز بووە، ئێستا لەسەر داوای عێراق، لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە ئەلیکترۆنی دۆسیەکانیان چووەتە واری جێبەجێکردنەوە".
لە هەولێر و دهۆک پڕۆسەکە دەستیپێکردووە و بڕیارە سبەی لە سلێمانیش دەستپێبکات. سیامەند قادر نانەکەلی گوتی، هەر بریکارێک بیەوێت دۆسیەکەی بکرێتە ئەلیکترۆنی، دەبێت ناسنامەی بریکاریی، یەک وێنە، کارتەکانی نیشتمانی و زانیاریی ببات بۆ بەڕێکردنی کارەکانی.
"تۆمارکردنی ناو و گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک دەکرێتەوە"
نزیکەی دوو ساڵە زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆرمی خۆراک، هەروەها گواستنەوەی فۆڕمەکە راگیراوە. بەڕێوەبەری رێكخستنی پسوولەی خۆراك لە هەولێر گوتی: "پڕۆسەی ئەلیکترۆنیی بریکارەکان دوو مانگی بۆ دانراوە، لەگەڵ تەواوبوونی ئەوەدا، بڕیارە گواستنەوەی فۆڕم و زیادکردنی ناوی منداڵ دەستپێبکات".
سیستمی ئەلیکترۆنی بە جۆرێک دەبێت، هەموو کەسێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەپلیکەیشنێکی نێو مۆبایل دەتوانێت لە مۆبایلەکەی خۆیەوە و لە ماڵەوە ناوی منداڵ زیاد بکات، (بەڵام دەبێت دۆکیۆمێنتی پێویست هاوپێچ بکات)، یان فۆرمی خۆراکەکەی بگوازێتەوە، ئەوەش بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر.
سیستمی ئێستای دابەشکردنی خۆراک و بریکارەکان، لە ساڵی 1996ـەوە کاری پێدەکرێت.
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ