رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە، لە 11 بۆ 23ـی ئادار پشوو دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، پشووی زانکۆکان بەگوێرەی خشتەیەکی تایبەتە و پێکەوە نییە.
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 03-03-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوەی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە پەیوەندی بە خوێندنی باڵاوە نییە، لە وەزارەتەکەمان زانکۆکان خشتەی تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ پشووەکان".
لەبارەی پشووەکانەوە، هەر ئەمڕۆ سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ پشووەیەکی تایبەتمان نییە جگە لە رۆژە فەرمییەکان، بۆ نموونە 5ـی ئادار ساڵیادی راپەڕینە پشووی فەرمییە لە زانکۆکەی ئێمەش پشووە".
سامان عەبدوڵڵا گوتی، بۆ ئەوەی خوێندکاران نەگەڕێنەوە بۆ شارەکانیان، ئەو رۆژانەی لە وەزارەتی پەروەردە بە پشوو دیاریکراوە لە زانکۆی سەلاحەدین تاقیکردنەوە هەیە و خوێندکاران ناچارن تێیدا بەشداربن.
سەبارەت بە پشووەکانی نەورۆز سامان عەبدوڵڵا گوتی: "زانکۆکان بۆ رۆژانی نەورۆز پشووە فەرمییەکان دەیانگرێتەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ پشوو دەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ