رووداو دیجیتاڵ
پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە، لە مانگی رەمەزاندا پڕۆژەیەکی خێرخوازییان بۆ هاووڵاتییان دەبێت. سەرپەرشتیارێکی پڕۆژەکە دەڵێت، لە 200 نانەواخانەدا، نان بێ بەرامبەر دابەش دەکەن. بەرپرسی لقی پارتییش لە هەڵەبجە دەڵێت، یەک ملیۆن نان بێ بەرامبەر دابەش دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە 03-03-2025 یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پڕۆژەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و لە سنووری پارێزگای هەولێر لە 200 نانەواخانەوە نان بێ بەرامبەر دەدرێتە هاونیشتمانییان."
پڕۆژەکە بەهۆی مانگی رەمەزانەوەیە و جیا لە دابەشکردنی نان، لە مزگەوتەکانیش شیرینی بۆ بەربانگ بە رۆژووەوانان دەدرێت.
هەر ئەمڕۆ دلێر حەمەکەریم، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە سەرپەرشتیی فەرماندە مەنسوور بارزانی، بۆ رێزگرتن لە مانگی پیرۆزی رەمەزان، لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە و قەزاکانی خورماڵ، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن و ناحیەکانی بیارە و سیروان و گەرمک و زەڕایەن، لە مانگی رەمەزاندا یەک ملیۆن نان دابەش دەکرێت."
نانەکان لە 15 نانەواخانەی ئەو سنوورەدا بێ بەرامبەر دابەش دەکرێن، دلێر حەمەکەریم دەڵێت، "لەم سەرەتایەوە بە خەڵکی خۆشەویستی سنوورەکەمان دەڵێین، لە داهاتوودا پڕۆژەی گەورەترمان دەبێت."
دوێنێ یەکشەممە، پارێزگای هەولێر رایگەیاند، "لەسەر فەرمانی فەرماندە مەنسوور بارزانی [فەرماندەی فەرماندەیی لەشکری تایبەت و گوڵان]، سەردانی دیوانی پارێزگای هەولێری کرد. بەرنامەیەکی خێرخوازیی بۆ مانگی پیرۆزی رەمەزان دیاریکرا."
لە راگەیێندراوەکەدا جگە لە دابەشکردنی نان بێ بەرامبەر، ئاماژە بەوەش کراوە، "شیرینی و ئاو بۆ 2000 مزگەوت، لەلایەن فەرماندە مەنسوور بارزانییەوە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان کراوە" و دابەش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ