رووداو دیجیتاڵ
لە دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق سکاڵایەک بۆ جێبەجێکردنى تەواوى ئەو مادە و بڕگانەى پەیوەندیدارن بە ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان، رادەستکردنى نەوت، هەروەها دەرکردنى فەرمانسالارییەک بۆ ناردنى پارەى کۆمپانیاکانى نەوت، تۆمارکرا.
سکاڵاکە، لە دژى هەریەک لە؛ سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سەرۆکوەزیرانى عێراق، وەزیرى دارایی فیدراڵ و وەزیرانى نەوت و سامانە سرووشتییەکان تۆمار کراوە.
پارێزەر ئازاد دۆسکى، سکاڵاکەی تۆمار کردووە و داواى کردووە سکاڵالێکراوان ناچاربکرێن بە جێبەجێکردنى مادەکانى 1، 11، 12 و 13ـی یاساى بودجەى گشتی، کە تایبەتە بە پشکى هەرێمى کوردستان و رادەستکردنى نەوت.
ئازاد دۆسکى بە رووداوى گوت، "داوام کردووە سەرجەم پشکى هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغداوە بنێردرێت بە مووچە و پشکى دارایی دیکەشەوە."
بەگوێرەى خشتەى بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵى 2024، لە زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارى پارەى ئەو بودجەیە، نزیکەى 20 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە بە پارەى بودجەى بەکاربردن و وەبەرهێنانەوە.
رۆژی 2ـی شوباتى 2025، پەرلەمانى عێراق هەموارى یاساى بودجەى گشتیى پەسند کرد، کە تایبەتە بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و، 16 دۆلاری وەکو تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەى بەرمیلێک نەوت دیاری کردووە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتى راوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات.
ئازاد دۆسکى رایگەیاند: داوام لە دادگەى فیدراڵى کردووە، فەرمانسارییەک دەربکات بۆ ئەوەى هەرێمى کوردستان 400 هەزار بەرمیل نەوتەکەى رادەستبکات و، وەزارەتى دارایی فیدراڵ پارەى حەقدەستى کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان بنێرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ