کوڕی ئەو پیاوەی لە ئاهەنگی بووکگواستنەوە کوژرا: باوکم ناوبژیوانیی دەکرد و پێنج کەس تاوانبارن

03-03-2024
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
کوشتنی کەسێک لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە
کوشتنی کەسێک لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەنێو ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە کۆمەڵگەی رزگاریی قەزای سێمێل، دوێنێ کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکە بریندار بوو، کوڕی کوژراوەکە بە رووداوی گوت باوکی لە نێوبژیوانیدا کوژراوە، بۆیە داوا دەکەن هەر پێنج تۆمەتبار دەستگیربکرێن.
 
ئیدریس رەمەزانی تەمەن 49 ساڵ لە ئاهەنگەکەدا دوو گوللەی بەرکەوت و گیانی لەدەستدا. کوڕەکەی کە رووداوەکەی بە چاوی خۆی بینیوە، دەڵێ شەش خوشک و برا و ئیدی بێ باوک بوون.
 
حەبیب ئیدریس، کوڕی قوربانییەکە بە رووداوی گوت "گوللـە بە سەری باوکم کەوت و کەوتە سەر زەوی... ئەوان بەشەڕهاتن و باوکم چوو ناوبژیوانی بکات، ئەو کەسەش کە بینی باوکم ناوبژیوانی دەکات دەستی بە تەقەکرد، کە تەقەی هەر دەکرد با گوللەی بۆ سەرەوە تەقاندبا، بەڵام بە ئاسۆیی تەقەی کرد، تاوەکو باوکم کەوتە سەر زەوی."
 
کوڕی قوربانییەکە هەروەها دەڵێ "باوکم بە ستەم کوژرا، لە نێوبژیوانیدا بوو. داواکارین لە حکومەت مافی نەفەوتێت، پێنج کەس تاوانبارن و هەر پێنجیان دەستگیربکرێن." 
 
هۆکاری شەڕەکە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێوان هەردوولای شەڕەکەوە دەگەڕێتەوە، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر دروستبووە و، پەیوەندیی بە ژنەوە هەبووە.
 
هەردوولای شەڕەکە ئامۆزان، یەکێکیان بەبێ ئەوەی بانگهێشتی ئاهەنگی بووکگواستنەوەکە کرابێت، چووە و شەڕەکە دروست بووە. 
 
ئەو کەسەی دیکەش کە لە شەڕەکەدا بریندار بوو، رەوشی تەندروستیی جێگیرە.
 
یونس زاهیر، موختاری کۆمەڵگەی رزگاری بە رووداوی گوت ئەوە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بوو لەنێوان دوو خێزان، کە پێش چەند رۆژێک لەبەر داخوازیی ژن دروست بووە، ژنیان نەداونەتێ و ژن تەڵاقدراوە، لەئەنجامی شەڕەکەشدا ئیدریس گیانی لەدەستدا.
 
بەپێی راگەیاندنی پۆلیسی دهۆک بەپێی مادەی 406ـی یاسای سزادانی عێراق، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و تاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش، هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە