prev
next
رووداو دیجیتاڵ
دوای گۆڕانکاری لە پۆستی بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە بەڕێوەبەری پێشوو ئامادە نییە پۆستەکەی رادەست بکات، بەڵام بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، ئەو هەواڵە رەتدەکاتەوە.
نزیکەی هەفتەیەکە گۆڕانکاری لە پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر کراوە. دوای گۆڕانکارییەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە؛ بەڕێوەبەری پێشوو ئامادە نییە پۆستەکە رادەست بکات.
مەریوان بەگۆک عەزیز، بەڕێوەبەرى گشت کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیى هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە باس لە دوو بەڕێوەبەر لە بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی لە هەولێر دەکەن. بەڕێوەبەرایەتییەکە تەنیا یەک بەڕێوەبەری هەیە بە ناوی تەمەن و بەڕێوەبەری پێشوو لە پۆستەکەی نەماوە."
پێشتر حەکیم محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتیى هەولێر بوو.
یەکێک لەو شوێنانەی پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى هەولێر هەیە، لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستانە.
یوسف کەریم، سەرۆکی لقەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دەستەبەری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کار دەکەین، ئەوانیش بەڕێوەبەری نوێیان دیاریکردووە و فەرمانی وەزاری هەیە."
بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى لە هەرێمی کوردستان، سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ