رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە بۆ مانگی رابردوو، لە سلێمانی و هەڵەبجە دیاریکرا.
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "موەلیدەکان مانگی رابردوو بە سێ شێواز کاریان کردووە، بەڵام زۆرینەیان کە موەلیدەی گەڕەکانن نرخی ئەمپێرێکیان لەنێوان 15 بۆ 16 هەزار دینارە".
هەر لە سلێمانی بەشێکی دیکەی موەلیدەکان نرخی یەک ئەمپێریان لە نێوان 17 هەزار و 500 بۆ 19 هەزار دینارە. عوسمان محەممەد گوتی: "ژمارەیەک موەلیدەش هەن لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا 24 کاژێر کاردەکەن، نرخی ئەمپێریان لە 21 بۆ 23 هەزار و 500 دینارە".
لە هەڵەبجەش نرخی ئەمپێری موەلیدە دیاریکرا. زوهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی قەزاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ مانگی رابردوو نرخی یەک ئەمپێر موەلیدە لە نێوان 15 بۆ 17 هەزار دینارە".
1ی ئەم مانگە نرخی ئەمپێری موەلیدە لە هەولێر دیاریکرا. خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، نرخی یەک ئەمپێر لە 16 هەزار و 500 دینار بۆ 20 هەزار دینارە.
خۆران خۆرانی گوتیشی: "لە دەوروبەری هەولێر و قەزا، ناحیە و گوندەکان، نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 4 هەزار و 500 دینار بۆ 20 هەزار دینارە".
هاوکات لەبارەی نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە لە دهۆک، هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی گوت: "نرخی ئەمپێری موەلیدە بۆ مانگی یەک 20 هەزار دینارە".
بۆ مانگی 12ـی ساڵی رابردوو، نرخی ئەمپێرێک لە هەولێر لەنێوان 5 بۆ 19 هەزار دینار، لە دهۆک 9 هەزار بۆ 20 هەزار و 250 دینار، لە سلێمانی ئەمپێرێک لە نێوان 14 بۆ 22 هەزار دیناردا بوو.
بە گوێرەی رووپێوییەکی دەستەی ئامار، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 7 هەزار موەلیدەی تایبەت هەن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا کار دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ