رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە سزادراون و لە چاکسازیی گەورانی سلێمانین، بۆ جێبەجێکردنی داواکانیان کە ناردنەوەیانە بۆ ئێران، ژمارەیەکیان دەمیان دووریوەتەوە و مانیان لە خواردن گرتووە.
ئەوانەی حوکمدراون و داوای گەڕانەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن ژمارەیان 25 کەسە. ئەمڕۆ نوێنەرێکیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی داواکانمان لە رووداو و قسەی بەرپرسان کە دەڵێن پارەیان لەسەرە و دەبێ پارەکە بدەنەوە بۆ ناردنەوەیان، ژمارەیەکمان مانیان لە خواردن گرتووە و دەمیان دووریوەتەوە".
بە گوتەی ئەو حوکمدراوە بێت، لە 25 زیندانیی 15یان مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە. گوتیشی: "15 کەسمان پارەمان لەسەرە، بەڵام 10 کەسمان تەنیا حوکمی زیندانی دراون نەوەکو مادی، ئەوانیش نانێردرێنەوە و راگیراون".
ئەو حوکمدراوە گوتی: "دەم دوورینەوە دژی نەناردنەوەمان هۆکاری ئەوەیە لە کەسوکارمان دوورین و لە رووی مادی و دەروونییەوە دۆخمان زۆر خراپە".
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو هەوڵێکمان دەستپێکردووە بە رێگەیەکی یاسایی کێشەکانیان چارەسەر بکەین".
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی ئاگادار لە داوای زیندانییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی سزایان لەسەرە و پارەیان لەسەرە و نانێردرێنەوە، بە تاوانی تیرۆر و تاوانی دیکەی ئەمنی حوکمدراون، بەگوێرەی رێککەوتنەکان ئەوان هەر نانێردرێنەوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەوڵدایە لەگەڵ کۆنسووڵخانەی ئێران لە هەولێر، بۆ ئەوەی بێنە سەرهێڵ و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ بکەن بۆ ناردنەوەی زیندانییەکان.
پێشتر نوێنەرێکی دیکەی ئەو حوکمدراوانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو، 25 حوکمدراون و بڕیاربووە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکدا بنێردرێنەوە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام هێشتا لە چاکسازیی سلێمانی هێڵدراونەتەوە.
ئەوکات بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی نەنێردراونەتەوە جگە لە حوکمەکەیان، سزای پێبژاردنی داراییان لەسەرە، ئەمڕۆ پارەکە بدەنەوە سبەی دەنێردرێنەوە ئێران".
بەگوتەی نوێنەرەکەیان، ئەوانەی حوکمدراون لەگەڵ کۆنسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی قسەیان کردووە و پێیانگوتوون، لە ئێرانەوە هەموو رێکارەکانیان تەواو کراون و دەبێت هەرێمی کوردستان بیاننێرێتەوە.
بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان بەغدا و تاران، کە هەولێر تێیدا بەشدارە، بەپێی ئەو مەرجانەی دیاریکراون حوکمدراوانی هەردوو وڵات دەگوازرێنەوە وڵاتی خۆیان.
ئەوانەی داوای گەڕانەوە دەکەن، زۆرینەیان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە حوکمدراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ