لە بازگەکانی کەرکووک بەدرێژایی سێ کیلۆمەتر بارهەڵگر وەستێنراون؛ 'دەبێت سەرانە بدەین'

03-02-2024
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
تووندکردنی رێکارەکان لە بازگەکانی کەرکووک
تووندکردنی رێکارەکان لە بازگەکانی کەرکووک
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تووندکردنی رێکار و پشکنینی ئەو بارهەڵگرانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بە بازگەکانی کەرکووک تێدەپەڕن و بۆ پارێزگەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەڕۆن، وایکردووە شوفێران چەندین کاژێر لە چاوەڕوانیدا بن.
 
زانا حەسەن، شۆفێری بارهەڵگرە و سێ کاژێرە لە نۆرەی تێپەڕبوون لە بازگەی کەلوڕ وەستاوە، ئەو دەڵێت "ئەمە کێشەی رۆژانەمانە و تاوەکو سەرانە نەدەین، ناهێڵن تێپەڕ ببین."
 
زانا بە روودای گوت "هەرچی بەشە مەینەتییە بۆ کامیۆنی بارهەڵگرە. وێڕای ئەوەی باج و سەرانە لە ئێمە وەردەگیرێت، کەچی هەر ئێمە تووشی کێشە دەبین. هەموو رێگە و سۆنارەکان داخراون بەتایبەتی بازگەی کەرکووک؛ دەبێت 10 یان پێنج هەزار دینار بدەی، ئینجا تێدەپەڕی، بەپێچەوانەوە سێ بۆ چوار کاژێر چاوەڕێ دەکەیت."
 
دوای سەردانی وەزیری ناوخۆی عێراق بۆ کەرکووک، پشکنینی ئەو بارهەڵگرانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دێنە کەرکووک تووندتر کراوە. ئامێری پشکنین (سۆنار) دانراوە و بەدرێژای سێ کیلۆمەتر، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەستێنراون.
 
جەلال محەممەد، شوفێری بارهەڵگرە و دەڵێت "زیاتر لە کاژێرێکە من لێرە وەستاوم، هەر جارە و چەند مەترێک نۆرەکە دەچێتە پێش و زۆر بێ مانایە. خوا ئەم دۆخە قبوڵ ناکات. ئاوم بارکردووە و کارم هەیە، کەچی لێرە وەستێنراوم." 
 
شۆفێرێکی دیکەی بارهەڵگر بەناوی وەلید محەممەد  دەڵێ "هەموو رۆژێک ئەم دۆخە وایە و تەنیا بازگەکانی کەرکووک بەم شێوەیەن، بەشێک لە کامیۆنەکان بەتاڵن، کە نابێت بچنە نێو پشکننی سۆنارەوە، کەچی لێرە هەر دەبێت پشکنین بکەن." 
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، پۆلیسی کەرکووک دەیەوێت دوای وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاکە، بازگەی کەڵوڕ لەگەڵ بازگەی پردێ تێکەڵاو بکات و بازگەی چیمەنیش بباتە قەرەهەنجیر، پۆلیسیش سەرپەرشتیی رێکارەکان بکات. 
 
عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە رووداوی گوت "هیچ پۆلیسێکمان لەو گۆڕەپانانەدا نییە کە تایبەتە بە پشکنینی بارهەڵگر و ئەوان لیژنەی خۆیان هەیە، ئەگەر گۆڕانکاری بەسەر بازگەکاندا بێت، ئەو کێشەیەش چارەسەر دەبێت." 
 
ئەو دوو بازگەیەی کەرکووک، هەرێمی کوردستان بە پارێزگەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەبەستنەوە، تووندکردنی رێکارەکان لەو دوو بازگەیە هاتووچۆ و کاری شوفێرانی قورس کردووە.

 

 

 

 

 

  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە