رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی زاخۆ دەڵێت، بەیانیی ئەمڕۆ ئاوارەیەک لە کەمپی چەمشکۆ لە زاخۆ، بە گولـلە گیانی لەدەستدا و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە کردووە.
ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، راید ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژير 9:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ لەناو کەمپی چەمشکۆ، کەسێک گولـلەیەکی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو، ئەو پیاوە ناوی شوکور خودێدا حەسەنە و تەمەنی 54 ساڵ بووە.
تەرمی ئەو ئاوارەیە رەوانەی دادپزیشکی دهۆک کراوە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ کەیسەکە کراوەتەوە. ئەمە بەگوێرەی پۆلیسی زاخۆ بۆ رووداو.
دەگوترێت سەرچاوەی گولـلەکە لە ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ بووە کە نزیکە لە کەمپەکە و، لەکاتی مەشق و راهێناندا گولـلەکە تەقێندراوە، بەڵام گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ ئەوەی پشتڕاست نەکردەوە و دەڵێت، چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ