رووداو دیجیتاڵ
هاووڵاتییەکی تەمەن 54 ساڵ، ئاوارەی شنگال لە کامپی چەمشکۆ لە زاخۆ بە گوللـەیەکی وێڵ گیانی لەدەستدا و تائێستا ناسنامەی تەقەرەکە دیار نییە.
شوکری خودێدا لەو کاتەی لە خێمەکەی خۆی دانیشتووە لەناکاو گوللـەیەک بەر ملی دەکەوێت و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، شوکری تەنیا دوو رۆژ بوو نەشتەرگەریی دڵی کردبوو، خووشکەکەی هاتبوو سەردانی بکات وەکو باسی دەکات خەریکی گاڵتە و قسەی خۆش بوون، بەڵام گوللـەکە لە گاڵتە و قسەی کردن.
پۆرێ خودێدا، خوشکی شوکرییە لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، "من لەوێ بووم ئەویش لەولا بوو، قسەمان دەکرد، لەناکاو گوللـەیەکی بەرکەوت و هیچی نەگوت، ئێمە رامان و کردمانە هاوار بە دەنگمانەوە هاتن."
تائێستا سەرچاوەی ئەو شوێنەی گوللـەکەی لێ تەقێندراوە نەزانراوە کوێ بووە، کەسوکاری قوربانییەکان دەڵێن، ئاراستەی گوللـەکە لە ئەکادیمیای سەربازی زاخۆوە هاتووە.
رەشۆ شڤان، خاڵی قوربانییەکەیە و باس لەوە دەکات، "گوللـەکە لە ئەکادیمیای سوپاوە هاتووە و ئێمە نەمانزانی چی بوو."
ئەکادیمیای سەربازیی زاخۆ دەکەوێتە گەڕەکی مەهندیکێ، دەوروبەری ئاوەدانییە و نزیکە لە کامپی چەمشکۆ، بە دووری کیلۆمەترێک لە رۆژئاوای کامپەکەوەیە.
تائێستا پۆلیسی زاخۆ بە فەرمی کە گوللـەکە لەوێوە دەرچووبێت، بەڵام رایگەیاندووە لەبارەی رووداوەکە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
شوکری خودێدا، خەڵکی کۆمەڵگەی زۆراڤای سەر بە ناحیەی سنونێی شنگالە، باوکی حەوت منداڵە، پیشەی پاسەوانی سنوور بووە لەسەر میلاکی حکومەتی عێراق، سێ رۆژ بوو مۆڵەتی وەرگرتبوو لە کارەکەی تاوەکو نەشتەرگەریی دڵ ئەنجامبدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ