رووداو – هەولێر
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وانەبێژانی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە بڕیاری سەرۆکوەزیران بەگرێبەست کران.
بەگوێرەی راگەیێندراێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا بەگرێبەست کران.
هەر ئەمڕۆ د. ئارام قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پیرۆزبایی لە وانەبێژانى ماندوونەناس و خۆڕاگر و کەسوکاریان دەکەم. نووخشە بێت لە سێ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکان و هەموو دەرچووانى ئازیزى کوردستان".
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، لە دوو نووسراودا لە 23ـی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە داوای بەگرێبەستکردنی وانەبێژانیان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.
خوێندنی 2023 و 2024، هەزار و 982 وانەبێژای هەبوو و بە نووسراوێک داوای بە گرێبەستکردنییان کرا؛ هەروەها نزیکەی دوو هەزار وانەبێژی دیکەی ساڵانی پێشتر هەبوون و بە نووسراوێکی دیکە داوای گرێبەستکردنی ئەوانیش کرابوو. توانا نەجەف گوتی، گرێبەستکردن هەموویان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، دوای راگەیاندنی بە گرێبەستکردنی وانەبێژانی خوێندنی باڵا، رێکارە کارگێڕییەکانی بایۆمەتری و داراییان بۆ دەکرێت و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەردەکرێت.
بۆ گرێبەستکردنی وانەبێژان، فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەزامەندنی ئەنجوومەنی وەزیران، رەمەزاندی وەزارەتی دارایی و ئابووری و فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵا پێویستە.
نووسراوەکان بە ژمارە (18617) و (18619) لە 23-09-2024 ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کران.
25ـی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژانی پەروەردە بکاتە گرێبەست.
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا بە گوێرەی بڕوانامەکانیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ